رفعەت عەبدوڵا جێگری سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەگەڵ لێپرسراوو هەڤاڵانی بەشی پەیوەندییەکانی دەرەوەی مەکتەبی پەیوەندییەکان کۆبووەوە.
جێگری سەرۆکی یەکێتی، لەدەسپێکی کۆبونەوەکەدا ستایشی ڕۆڵی هەڤاڵانی بەشی پەیوەندییەکانی دەرەوەی مەکتەبی پەیوەندییەکانی یەکێتی کردو هەوڵ و چالاکیەکانیانی بەرز هەڵسەنگاند، پاشان لەنزیکەوە ڕێکخستنەوەی ڕێکارە حزبیەکان و پێداچوونەوەی جدی بەئۆرگانەکانی یەکێتی بۆ هەڤاڵان ڕوونکردەوەو وتی: "زەروریەتی ئەم قۆناغەی خەبات، چارەسەری ڕیشەیی و بوژانەوەی ژیانی حزبیمان بەشێوازی سەردەمیانە لێدەخوازێت".
هەڤاڵ ڕفعەت عەبدوڵا، ڕایگەیاند لەژێر رۆشنایی ڕاسپاردەو بەرنامەکانی سەرۆک بافڵ، یەکێتی پەرە بەپەیوەندییەکان و دۆستایەتی لەگەڵ دنیای دەرەوە دەدات و لەوبارەیەوە وتی: "ڕوانگەو دنیابینی یەکێتی روونبکرێتەوە بۆ فراوانکردنی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ دۆستەکانمان لەجیهاندا".
جەختی لەوەشکردەوە مەکتەبی پەیوەندییەکان، کاریگەری زیاتری هەبێت لەسەر کۆکردنەوەو ئاڕاستەکردنی ڕەوەندی کوردی لەدنیادا، وەک پشتیوانیەکی گەورەو لۆبی بۆ دۆزی ڕەوای گەلەکەمان.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP