عیماد ئەحمەد : یەکێتی لەبەرامبەر ئاڵنگارییەکانی ناوچەکە، سیاسەتى واقیعیانە پەیڕەودەکات

کوردستان
21:43 - 2025-06-25

عیماد ئەحمەد رایگەیاند یەکێتی لەبەرامبەر پێشهات و ئاڵنگارییەکانی ناوچەکە، سیاسەت و ستراتیژی نیشتمانیی و واقیعیانە پەیڕەودەکات و هەموو هەوڵەکانیشمان لە چوارچێوەی چارەسەری ئاشتییانەی کێشەو قەیرانەکاندایە، تەئکیدی لەوەشکردەوە کە هەرگیز نەبووینەو ناشبینە هۆی ئاڵۆزترکردنی دۆخەکە بەڵکو یارمەتیدەرو پشتیوانی بەرقەرارکردن و پاراستنی سەقامگیری دەبین، بەگەرمیش پێشوازی لە بڕیاری وەستانی شەڕ و ئاگربەست دەکەین و بە هەنگاوێکی باشی دەزانین بۆ پاراستنی ئارامی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رێگریکردن لە گرژییەکانی سنوورەکە.

ئەم وتانەی عیماد ئەحمەد ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و لێپرسراوی مەکتەبی راگەیاندن و هۆشیاری لە کۆبوونەوەیەکدا هات کە ئەمڕۆ چوارشەممە، لەگەڵ بۆردی راگەیاندن کردی.
لە کۆبوونەوەکەدا کە لەتیف نێروەیی لێپرسراوی بۆردی راگەیاندن ئامادەبوو، هەڤاڵ عیماد ئەحمەد لەبارەی پەرەسەندنەکان و هەوڵەکان بۆ پاراستنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا روونکردنەوەی پێویستی داو دووپاتی لە پابەندبوون بە چارەسەرکردنی ئاشتیانەی کێشەکان کردەوە وەک سیاسەتێکی جێگیری یەکێتی و راشیگەیاند کە تاکە بژاردە لەم هەلومەرجەدا بەردەوامیدانە بە گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنەکان، وەک کوردیش دەبێت ماڵی خۆمان رێکبخەینەوەو پێکەوە مافەکانمان بپارێزین و نەهێڵین لەژێر هیچ پاساوێکدا خەڵکەکەمان بکرێنە قوربانی کە بۆئەوەش یەکێتی وەک هەمیشە دەستپێشخەرو پاڵپشت و هاوکار دەبێت بۆ کۆتاییهێنان بەم دۆخە نەخوازراوە، بەتایبەت لەگەڵ بەغدا تا لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان و دۆستەکانمان هەموو ئەو پرسانەی ناکۆکییان لەسەرە چارەسەربکەین بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان و ئامانجە باڵاکانی.

سەبارەت بە ئەرکی میدیاییش لەم قۆناغەدا، عیماد ئەحمەد تەئکیدی لە پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی سەنگینی هاوسەنگ لەسەر بنەماکانی ئیتیک و پیشەی راگەیاندن کردەوە و راگەیاندنکارانی یەکێتی راسپارد وەک هەمیشە رۆڵی نیشتمانی و میدیایی خۆیان بەوپەڕی هەستکردن بە بەرپرسیارێتی بگێڕن بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنی کێشەکان و پاراستنی یەکگوتاری و وتیشی: نابێت میدیای یەکێتی بەشێک بێت لە کێشەکان، بەڵکو وەک هەمیشە دەبێت رۆڵی سەرەکیی هەبێت لە چارەسەر و گەیاندنی دەنگی خەڵک و لەسەر هەمان سیاسەتی راست و دروستی یەکێتی پەیامە میدیاییەکان بگەیەنن.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP