قوباد تاڵەبانی لەگەڵ باڵیۆزی بەریتانیا کۆبووەوە

کوردستان
18:53 - 2025-06-25

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران پێشوازیکرد لە عیرفان سدیق، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا چەند پرسێکی جێی بایەخی هەردوولا تاوتوێ کران.

لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی چوارشەمە(25/6/2025) بەڕێوەچوو و تیایدا ئەندرۆ بیزلی، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێم و دابان شەدەڵە، جێگری لێپرسراوی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم ئامادەی بوون، باس لە دواین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل کرا. هەردوولا هیوایان خواست لە دوای راگەیاندنی ئاگربەست ناوچەکە سەقامگیری زیاتر بەخۆیەوە ببێنێت و هەموو کێشە و ململانێیەکان بە رێگەی سیاسی چارەسەر بکرێن و کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش زیاتر هاوکاربێت بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا و بە تایبەتیش باس لە کێشەی موچەخۆرانی هەرێم کرا. لەمبارەیەوە جێگری سەرۆکوەزیران بە ئاماژەدان بە دۆخی ژیان و گوزەرانی موچەخۆرانی کوردستان رایگەیاند ناکرێت موچە و ژیان و گوزەرانی هاوڵاتییان تێکەڵ بە ناکۆکییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بکرێت. وتیشی بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا وەفدێکی حکومەتی فیدراڵ سەردانی هەرێم بکات و هیوای خواست بتوانرێت کێشەی موچە چارەسەر بکرێت.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشدا هەرێمی کوردستان و هەموو عێراق پێکەوە دەتوانن گەشە بکەن و گەشەسەندنی هەر بەشێک لە عێراق لە بەرژەوەندی هەموو عێراقدایە. روونیشی کردەوە هەرێمی کوردستانیش کاتێک دەتوانێت گەشەسەندوو و بەهێز بێت کە لە بەغدا پێگەیەکی بەهێزی هەبێت و بتوانین لە چوارچێوەی دەستوردا کێشەکانمان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکەین.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP