ئەنجوومەنی وەزیرانى هەرێمى کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە کۆدەبێتەوە و پرسی مووچە و بارودۆخی دارایی ئێستای هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکات. چاوەڕوان دەکرێت دوای کۆبوونەوەکە مەسرور بارزانی میکانیزمی دابەشکردنی مووچە ئاشكرا بکات.بەگوێرەى زانیاریەکان بە داهاتی ناوخۆ مووچەی مانگی پێنج دابەش دەکرێت.
کۆبونەوەکەى ئەمرۆى ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان، دوو بڕگە لەخۆدەگرێت، یەکەمیان تاوتوێكردن و هەڵسەنگاندنی بارودۆخی دارایی ئێستای هەرێمی کوردستان، بەتایبەت پرسی مووچە. بەپێی کارنامەی کۆبوونەوەکە ، ڕاپۆرتێکی ورد لەلایەن ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری دەخرێتەڕوو، باسی ورد و دروشتی داهات و خەرجییەکانی حکومەت دەکات، لەگەڵ خستنەڕووی ئەگەر و چارەسەر و پێشهاتەکان.
بەپێى زانیارییەکان ، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە داهاتی ناوخۆ مووچەی مانگی پێنج دابین دەکات و چەند ڕۆژێکە دەستی بە ئامادەکاری کردووە، ئەگەر بەمزووانەش کێشەکە لەگەڵ بەغدا چارەسەر نەکرێت، بۆ مانگەکانی داهاتووش دابەشکردنی مووچە هەر بە داهاتی ناوخۆ دەبێت، کە مانگانە چەند داهات لەبەر دەست بێت بەسەر فەرمانبەران و خانەنشینان دابەش دەکرێت.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP