وەزارەتی بازرگانیی عێراق بڕیاریدا، ماوەی تەرخانکراو
بۆ بە ئەلیکترۆنیکردنی فۆرمی خۆراک، لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق بە هەرێمی
کوردستانیشەوە، بۆ ماوەی مانگێک درێژبکاتەوە.
محەمەد حەنون، وتەبێژی وەزارەتەکە رایگەیاند، ماوەی
ناوتۆمارکردن بۆ فۆرمی بەشەخۆراکی ئەلیکترۆنی تا 1ـی 8ـی 2025 درێژکرایەوە و تا ئەو
وادەیە، بەستەری داواکاری کارا دەبێت.
وتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عیراق وتیشی، تا
ئێستا زیاتر لە ٣٣ ملیۆن هاوڵاتی فۆڕمەکەیان پڕکردووەتەوە و زیاتر لە ملیۆنێک و
٥٠٠ کەسیش بەهۆی گیان لەدەستدان یان بەکارنەهێنانی ئەپڵیکەیشنەکەوە سڕاونەتەوە.
باسی لەوەشکرد، لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە ٦٠٪ـی
هاوڵاتییانی پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە لە ماوەی یەک مانگدا فۆڕمی
بەشەخۆراکیان پڕکردووەتەوە.
سەرەتای ئەمساڵ، وەزارەتی بازرگانیی عێراق پرۆژەی
فۆرمی بەشەخۆراکی ئەلیکترۆنی راگەیاند، بەمەبەستی بۆ گۆڕینی فۆرمی بەشەخۆراکی کاغەزی
بۆ ئەلیکترۆنی، کە ئەمەش لە رێگەی ئەپڵیکەیشنێکی تایبەتەوە دەکرێت.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP