لیژنەی ئەمنی سلێمانی: خۆپیشاندان دوابخەن بۆ کاتێکی سەقامگیرتر

کوردستان
17:28 - 2025-06-24

لەدژی راگرتنی موچەکانیان، موچە خۆران و مامۆستا و فەرمانبەری ناڕازی سلێمانی خۆیان بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندانێکی ناڕەزایی فراوان ئامادە دەکەن، لیژنەی ئەمنیی پارێزگای سلێمانیش دەڵێت: دەنگتان گەیشتوەتە دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق، بەڵام ئەنجامدانی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی لەم دۆخە هەستیارەدا گونجاو نییە و دوای بخەن.

لیژنەی ئەمنیی پارێزگای سلێمانی لە راگەیەندراوێکیدا دەڵێت" ئێمە لە لیژنەی ئەمنیی پارێزگای سلێمانی، پشتیوانیی و پاڵپشتیی تەواوی خۆمان بۆ ماف و داوا ڕەواکانی مامۆستایان و فەرمانبەران و مووچەخۆران بەگشتیی دەردەبڕین".

ئاماژەی بەوەشکردووە:" بەهەموو لایەکی رادەگەیەنین، کە دەنگی موچەخۆران و ناڕەزایەتییەکانیان گەیشتۆتە هەموو دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان و عیراقی فیدراڵ، بەڵام ئەنجامدانی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی لەم دۆخە هەستیارەی ناوچەکەی پێدا تێپەڕدەبێت، گونجاو نابێت".

لە کۆتایشدا، لیژنەی ئەمنیی پارێزگای سلێمانی داوا دەکات:" وەک چۆن پێشتر هاوکار و هەماهەنگ بووین لەپرسی پاراستن و هێنانەکایەی ژینگەیەکی گونجاو بۆ خۆپیشاندان و سەلامەتیی گیانی خۆپیشاندەران، ئەمجارە بەسوپاس و پێزانینەوە، داوا دەکەین؛ خۆپیشاندانەکە بۆ کاتێکی سەقامگیرتر دوابخەن تا هاوکار و هەماهەنگ بین لەگەیاندنی پەیامەکانیان بەشێوەیەکی شارستانیانە و دوور لەهەر ئەگەرێکی توندوتیژی و ڕووداوی نەخوازراو".

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP