هەر میدیایەك ئاسایشی هەرێم تێكبدات روبەڕوی یاسا دەكرێتەوە

کوردستان
11:52 - 2025-06-19


وەزارەتی رۆشنبیری حكومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت: "هەر دامەزراوەیەكی میدیایی و بەكارهێنەرانی سۆشیاڵ میدیا، هەواڵی بێ  بنەما بۆ تێكدانی ئاسایشی هەرێمی كوردستان و ترس و تۆقاندن بڵاوبكاتەوە روبەڕوی لێپرسینەوەی یاسایی دەكرێتەوە".
وەزارەتی رۆشنبیری حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە پەیامێكدا كە ئیمزای حەمەی حەمەسەعید وەزیری رۆشنبیری لەسەرە و ئاڕاستەی سەرجەم كەناڵەكانی میدیا و هاووڵاتیانی كردووە رایگەیاندووە: "ئەمڕۆ ناوچەكە بە دۆخێكی هەستیاردا تێدەپەڕێت و راگەیاندن ئامڕازێكی كاریگەرە و میدیای كوردی دەتوانێت رۆڵی گرنگ لە پاراستنی ئاسایشی كۆمەڵایەتی و پێگەی بێلایەنانەی هەرێمی كوردستان لە رووداوەكانی ناوچەكەدا بگێڕێت، لەم سۆنگەیەوە ئاگاداری سەرجەم كەناڵەكانی راگەیاندن و پەیج و بەكاهێنەرانی سۆشیاڵ میدیا دەكەینەوە كە پێویستە رەچاوی ئاسایشی كۆمەڵایەتی و باری دەروونی خەڵك بكرێت و هیچ جۆرە هەواڵێكی بێ سەرچاوە و نادروست دەربارەی پەرەسەندنەكانی ناوچەكە و لێكەوتەكانی بڵاونەكرێتەوە كە لایەنگیری تێدابێت".
راشیگەیاندووە: "هەموو جۆرە هەواڵێك لەبارەی ئەمنییەتی كوردستان و زانیاری دەربارەی رووداوەكان تەنها لە سەرچاوەی رەسمی وەردەگیرێت، بۆیە داواكارین هەموو لایەك بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەم رووداو و پێشهاتانەدا بكەن".

وەزارەتی رۆشنبیری راشیگەیاندووە: "هەر لایەن و دامەزراوەیەكی میدیایی و بەكارهێنەرانی سۆشیاڵ میدیا هەواڵی بێ بنەما بۆ تێكدانی ئاسایشی هەرێمی كوردستان و ترس و تۆقاندن بڵاوبكاتەوە، روبەڕوی لێپرسینەوەی یاسایی دەكرێتەوە"


بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP