ترەمپ وردەکاریی نوێ لەبارەی هێرشەکانى سەر بنکەئەتۆمییەکانى ئیران ئاشکرادەکات

جیهان
10:17 - 2025-06-23

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکی نوێدا وردەکاریی زیاتر لەبارەی هێرشەکانی سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران ئاشکرادەکات و دەڵێت، گەورەترین زیان لەژێر ئاستی زەوییەوە بووە و دەستەواژەی "وێرانکردن" بۆ وەسفکردنی دیمەنەکە گونجاوە.
 ترەمپ لە پۆستێکدا لە Truth Social نووسیویەتی: "زیانێکی مەزن بە هەموو بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران گەیێنراوە، وەک لە وێنە سەتەلایتییەکاندا دەرکەوتووە. 'وێرانکردن' دەستەواژەیەکی دروستە، گەورەترین زیان زۆر لەژێر ئاستی زەوییەوە روویداوە. رێک لە ناوەندی ئامانجەکە دراوە."
هاوکات، پیت هێگسەس، وەزیری بەرگری و دان کەین، سوپاسالاری هێزە هاوبەشەکان لە لێدوانەکانیاندا ئاماژەیان بەوە کردووە کە هەڵسەنگاندنە سەرەتاییەکان "زیان و وێرانکاریی قورس" لە بنکەکاندا نیشان دەدەن.
 لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسانی باڵای ئەمریکا، لەنێویاندا جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک رایانگەیاندووە کە نازانن شوێنی کۆگەکراوی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران لە کوێیە، کە بەشی دروستکردنی چەندین چەکی ئەتۆمی دەکات.
 بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیش، رایگەیاندووە کە پێدەچێت ئێران ئەو ماددەیەی گواستبێتەوە پێش ئەوەی هێرشەکانی ئەمریکا دەستپێبکات.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP