دوای ئەوەی ئیسرائیل درەنگانی شەوی ڕابردو هێرشی
كردە سەر کۆگای نەوتی شەهران لە ڕۆژئاوای تاران و بەهۆیەوە ئاگر لە كۆگاكە
كەوتەوەو هێشتا كۆنتڕۆڵ نەكراوە، دوكەڵی
ئاگرەكەش ئاسمانی شارەكەی داپۆشیوە.
بەگوێرەی ئەو وێنە و گرتە ڤیدیۆییانەی لە سۆشیال
میدیا بڵاوکراونەتەوە، ئاگرەكەی کۆگای نەوتی شەهران لە ڕۆژئاوای تاران،
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ بەردەوامە و دوکەڵی بەرفراوان لەسەر پایتەختی ئێراندا دەبینرێت.
لایخۆشیەوە وەزارەتی نەوتی ئێران پشتڕاستیکردەوە،
"كۆگای نەوت هەڵگرتنی شەهران" و "كۆگایەتی سوتەمەنی لە باشوری
تاران" لە لایەن ئیسرائیلەوە كراونەتە ئامانج.
لەلایەكی دیكەوە جەلال مەلەکی، وتەبێژی
ئاگرکوژێنەوەی تاران سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ڕایگەیاند، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە لە هەوڵی
کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکانی شارەکەدان.
ناوبراو بە تەلەفزیۆنی دەوڵەتی ئێرانی ڕاگەیاند،
"دو سێ خەزان" لە کۆگای نەوتی شەهران ئاگریان گرتوە كە "بەنزین
نین، بەڵکو وەرگیراوەکانی دیکە و بەرهەمە نەوتییەکانی دیکەن".
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP