داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی دەكرێت جه‌نگی ئێران و ئیسرائیل رابگیرێت

جیهان
12:28 - 2025-06-14


جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران ناڕەزایەتیی و كاردانەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لێكەوتەوە و ژمارەیەك لەوڵاتانی جیهانیش رایدەگەیەنن: "نیگەرانن لەهێرشەكان"، هاوكات داوای كشانەوە و هێوركردنەوەی گرژییەكان و ئاساییكردنەوەی بارودۆخەكە و دانبەخۆداگرتنی هەردوو وڵات دەكەن و داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش دەكەن بەپەلە ئەم پێشێلكارییانە رابگیرێت.

بەریتانیا: لە هێرشەكان نیگەرانین

كیەر ستارمەر سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا  رایگەیاند: " داوا لە لایەنەكان دەكەین هەنگاو بەرەو دواوە بنێن و بەپەلە گرژییەكان كەمبكەنەوە، چونكە زیادبوونی گرژییەكان خزمەت بە هیچ كەسێك لە ناوچەكەدا ناكات".

ناتۆ

سكرتێری گشتیی ناتۆ رایگەیاند: "هێرشەكان دەبنە هۆی خێرا زیاد بوونی گرژییەكان و پێویستە كەمكردنەوەی ئەو گرژییانە كاری لەپێشینە بێت".

نەتەوە یەكگرتووەكان

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان ئیدانەی تێكهەڵچوونە سەربازییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی كردووە و رایگەیاند: "نیگەرانن لە ئاڵۆزییەكان، بەتایبەت لە كاتێكدا كە دانوستانی ئێران و ئەمریكا لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران لە ئارادایە".

فەرحان حەق جێگری وتەبێژی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكانیش داوا لە هەردوو وڵاتەكە دەكات دان بە خۆیاندا بگرن و دووربكەونەوە لەوەی بكەونە ململانێی قوڵ و رەوشێكەوە كە ناوچەكە بەرگەی ناگرێت.

یەكێتی ئەوروپا

كاجا كاڵاس، لێپرسراوی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا رایگەیاند: "داوا لە هەموو لایەنەكان دەكەم خۆیان بگرن و رێگری لە پەرەسەندنی زیاتر بكەن، چونكە دیپلۆماسی باشترین رێگایە و ئامادەین بۆ پشتگیریكردنی هەر هەوڵێكی دیپلۆماسی".

فەڕەنسا

"گرنگە بە هەموو شێوەیەك هاوكاری ئەو وڵاتانە بكرێت لە ئارامكردنەوەی رەوشەكەدا و ئێمە بە تەواوی ئامادەین بۆ ئەوە".

ئیندۆنیزیا

وەزارەتی دەرەوەی ئیندۆنیزیا رایگەیاند: "داوا لە سەرجەم لایەنەكان دەكەین خۆیان كۆنتڕۆڵ بكەن، هێرشەكان گرژییەكان قوڵتر دەكاتەوە و مەودای ململانێكانیش فراوانتر دەكات".

سوید

وەزارەتی دەرەوەی سوید: "ئەوەی ئێستا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست روودەدات رەوشەكە ئاڵۆزتر دەكات".

هۆڵەندا

وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا رایگەیاند: "نیگەرانی گرژییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستین".

ژاپۆن

وەزارەتی دەرەوەی یابان رایگەیاند: "ئیدانەی ئەو هێرشانە دەكەین كە دەبنە هۆی تێكچوونی رەوشەكە، جێگای داخە كە ئامڕازی سەربازی بەكاردەهێنن".

چین

"دژی پێشێلكردنی سەروەری خاكی ئێرانین".

ئیتاڵیا

ئەنتۆنیۆ تاجانی، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا رایگەیاند: "دەزانین دۆخەكە زۆر ئاڵۆزە، بەڵام جگە لە رێگاچارەیەكی دیپلۆماسی هیچ چارەسەرێكی دیكە نییە، هیوادارین بە زووترین كات شەڕەكان رابگرن".

ئەڵمانیا

فریدریش مێرز، راوێژكاری ئەڵمانیا رایگەیاند: "داوا لە هەردوولا دەكەین خۆیان لەو كارانە بپارێزن كە رەنگە ببنە هۆی پەرەسەندنی زیاتر و ناسەقامگیری ناوچەكە".
ئوستراڵیا

پەنی وۆنگ، وەزیری دەرەوەی ئوستراڵیا رایگەیاند: "داوا لە هەموو لایەنەكان دەكەین خۆیان لەو كردار و قسەكردنانە بەدوور بگرن كە گرژییەكان زیاتر دەكەن و داواش لە لایەنەكان دەكەین كە دیالۆگ و دیپلۆماسی لە پێشینەدا دابنێن".

نیوزلەندا

كریستوفر لوكسۆن، سەرۆكوەزیرانی نیوزلەندا رایگەیاند: "هێرشەكان پێشهاتێكی نەخوازراون و پێویستە ناوچەكە لە كردەوەی سەربازی بەدوور بێت".

پاكستان

شێهباز شەریف، سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل، رایگەیاند: "ئیدانەی هێرشەكان دەكەین، چونكە دەبێتەهۆی ناسەقامگیری ناوچەكە".

رووسیا

دیمیتری پێسكۆڤ وتەبێژی باڵای رووسیا رایگەیاند: "نیگەرانین لە هێرشەكان، چونكە دەبنەهۆی زیادكردنی گرژییەكانی نێوان هەردوو وڵات". 

عومان

عومان كە نێوەندگیری ئێران و ئەمریكایە لە دانوستانە ئەتۆمییەكەدا ئیدانەی هێرشەكە دەكات و ئیسرائیل بە بەرپرسیار دەزانێت، داواش لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات، هەڵوێستێكی روون و ئاشكرایان هەبێت بۆ راگرتنی ئەو شەڕە كە هەڕەشەیە بۆسەر رەوتی دیپلۆماسی و سەقامگیری ناوچەكە.  


ئیمارات

"خۆڕاگریی و پابەند بوون بە یاسا نێودەوڵەتییەكان و رێزگرتن لە سەروەری وڵاتەكان بنەمای چارەسەركردنی كێشەكانە"

سعودیە

"هێرشەكانی ئیسرائیل بەزاندنی سەروەری خانكی ئێران و ئارامییەتی، هەروەها پێشێلكارییەكی ئاشكرای یاسا نێودەوڵەتییەكانە"


عیراق

حكومەتی عیراق: هاوسۆزیمان بۆ گەلی ئێران هەیە.

توركیا

وەزارەتی دەرەوەی توركیا: ئەو هێرشانە دەكرێت ببێتە هۆكاری زیاتر فراوانبوونی ململانێكان.

قەتەر

قەتەر رایگەیاندووە: "داوای لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكەین بەپەلە ئەم پێشێلكارییانە رابگرن".

ئوردن

وتەبێژی حكومەتی ئوردن بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە: "ئوردن رێگەی بە هیچ جۆرە پێشێلكارییەكی ئاسمانی وڵاتەكەی نەداوە و نادات و شانشینی یەكگرتوو نابێتە گۆڕەپانی شەڕ بۆ هیچ ململانێیەك".

بەرەبەیانی رۆژی هەینی 13-6-2025، ئیسرائیل بە ئۆپەراسیۆنی (شێری راپەڕیو)، بە بەشداریی نزیكەی 200 فڕۆكەی جەنگی، هێرشێكی بەرفراوانی كردە سەر زیاتر لە 200 ئامانج و بنكە ئەتۆمی و سەربازیی ئێران، كە بووە هۆی كوژرانی دەیان فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران و 6 زانای ئەتۆمی ئەو وڵاتە، بەپێی ئاماری رەسمیی ئێران-یش، 78 كەس كوژراون و زیاتر لە 320 كەسی دیكەش بریندار بوون.

لە بەرامبەردا، ئێران ئۆپەراسیۆنی (بەڵێنی راست 3) ی راگەیاند و بە چەندین زنجیرە هێرشی مووشەكی وەڵامی دایەوە و تاوەكو ئێستا، دوو كەس كوژراون و 80 كەسی دیكەش بریندار بوون و چەندین باڵەخانەش لە تەلئەبیب بەتەواوەتی رووخاون.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP