ئیلۆن مەسك، ئینتەرنێتی بێبەرامبەر بۆ هاووڵاتیانی ئێران دابیندەكات، ئەمەش بەپێی وەڵامی خاوەنی كۆمپانیای SpaceX ە، بۆ دابینكردنی ئینتەرنێت كە بۆ هاووڵاتییەكی ئێرانی نووسیوە.
بەهۆی بچڕان و سنوورداركردنی ئینتەرنێت لە ئێران، كۆمپانیای SpaceX ی ئێلۆن مەسك، خزمەتگوزاری Starlink ی لەو وڵاتە چالاككرد و بەپێی هەواڵێكی وێبسایتی ئێران ئینتەرناشناڵ، ئیلۆن مەسك كە سەرمایەدارێكی گەورەی جیهانیی و خاوەنی كۆمپانیای SpaceX ە، لە وەڵامی هاووڵاتییەكی دانیشتووی ئێراندا، كە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ( X) داوایلێكردووە ئینتەرنێت بۆ خەڵكی ئێران دابینبكات، لە بەرامبەردا مەسك وەڵامی داوەتەوە و رایگەیاندووە: "ئێستا تیشكەكانی ستارلینك لە ئێران چالاكن".
ئەمەش لە كاتێكدایە، بەهۆی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، هێڵەكانی ئینتەرنێت لە ئێران بەتەواوەتی سنووردار كراون و هاووڵاتیان ناتوانن بە ئاسانی بەكار بهێنن.
پێشتریش بەهۆی كوشتنی ژینا ئەمینی لە رۆژی 16ی ئەیلولی 2022 و لێكەوتەكانی ئەو رووداوەوە، هێڵەكانی ئینتەرنێت لە ئێران بەتەواوەتی سنووردار كران و هاووڵاتیان نەیاندەتوانی بە ئاسانی بەكاری بهێنن، هەربۆیە ئێلۆن مەسك رەزامەندی دەربڕی بە چالاككردنی خزمەتگوزاریی Starlink لە ناو ئێراندا.
بەرەبەیانی رۆژی هەینی 13-6-2025، ئیسرائیل بە ئۆپەراسیۆنی (شێری راپەڕیو)، بە بەشداریی نزیكەی 200 فڕۆكەی جەنگی، هێرشێكی بەرفراوانی كردە سەر زیاتر لە 200 ئامانج و بنكە ئەتۆمی و سەربازیی ئێران، كە بووە هۆی كوژرانی دەیان فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران و 6 زانای ئەتۆمی ئەو وڵاتە، بەپێی ئاماری رەسمیی ئێران-یش، 78 كەس كوژراون و زیاتر لە 320 كەسی دیكەش بریندار بوون.
لە بەرامبەردا، ئێران ئۆپەراسیۆنی (بەڵێنی راست 3) ی راگەیاند و بە چەندین زنجیرە هێرشی مووشەكی وەڵامی دایەوە و تاوەكو ئێستا، دوو كەس كوژراون و 80 كەسی دیكەش بریندار بوون و چەندین باڵەخانەش لە تەلئەبیب بەتەواوەتی رووخاون.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP