شێخ جەعفەر شێخ مستەفا: له‌ ئێستادا خەباتی دیموكراسی جێی تێكۆشانی چەكداریی گرتووەتەوە

کوردستان
16:18 - 2025-05-27


ئەمڕۆ 27ی ئایاری 2025، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، سەردانی بارەگای كۆمەڵەی پێشمەرگە دانەبڕاوەكانی یەكێتی كردو لە لایەن وەستا فاروق سەرۆكی كۆمەڵەكە و ستافی كۆمەڵەوە بە گەرمی پێشوازی لێكرا.

لە كۆبوونەوەیەكەدا، سەرۆكی كۆمەڵەی پێشمەرگە دانەبڕاوەكان، ستایشی رۆڵی شێخ جەعفەر شێخ مستەفای كرد لە پشتیوانیكردنی پێشمەرگە دێرینەكان و كەسوكارە سەربەرزەكانیان و خۆشحاڵی دەربڕی كە هاوڕێیەكی دێرینی خۆیان جێگری سەرۆكی هەرێم و لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتییە.

پاشان شێخ جەعفەر، ئاماژەی بە نەخشی بەرچاوی پێشمەرگە دانەبڕاوەكانی یەكێتی كرد بەسەركردایەتی سەرۆك مام جەلال، لە خەباتی رزگاری نیشتمانی كوردستاندا كە دەستكەوتەكانی ئەمڕۆی هەرێم، دەرەنجامی تێكۆشان و شەهیدبوون و ماندووبوونی ئەوان و كەسوكارەكانیانە، كە بەداخەوە ژمارەیەكی كەمیان لەژیاندا ماون، هەر بۆیە هەرچی بۆ خۆیان و خانەوادەكانیان بكرێت هەر كەمە.

دواتر لێپرسراوی ئەنجومەن، تیشكخستەسەر دوا پێشهاتەكانی رەوشی سیاسی و جەختیشیكردەوە، كە ئێستا بارودۆخەكان گۆڕاون و خەباتی دیموكراسی و هەڵبژاردن جێی تێكۆشانی چەكداریی گرتووەتەوە، بۆیە دەبێت لەم هەلومەرجەشدا سەرباری هەموو كێشە و ئاستەنگەكان، وەكو پێشمەرگە دێرینەكان درێژە بە كار و چالاكییەكانمان بدەین و تا بەدیهێنانی تەواوی مافەكانی گەلەكەمان و سەرخستنی ئامانجە پیرۆزەكانی یەكێتی بەردەوام بین لە خزمەتكردن، چونكە سەرخستن و گەشەپێدانی یەكێتی مەرجی سەرەكییە بۆ پەرەپێدانی حوكمڕانی خۆمان و خزمەتكردنی گەلەكەمان.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP