یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بە سەرۆكایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی، بە یەك هەڵوێستی و یەك بڕیار و یەك دەنگی، سیاسەتێكی نوێی داڕشتووە و لەڕێگەیەوە توانی لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عیراق و ناوچەكە پێگەی خۆی بەهێزتر بكات و لەوێشەوە داكۆكیكارێكی سەرسەختی نەك تەنها خەڵكی هەرێمی كوردستان، بەڵكو كوردانی هەر چوار پارچەی كوردستان بێت، لە ئێستاشدا كە یادی 50 ساڵەی دامەزراندنی دەكاتەوە لە لوتكەی یەكگرتوویی و یەك بڕیاریدایە، یەك بڕیارییەكەشی مانای ئەوەیە هەمووان بەیەكەوە هەڵوێستەكان گەڵاڵە دەكەن.
یەكڕیزی و یەك هەڵوێستی، یەكێتییەكی پتەوتر نیشاندەدات
ستران عەبدوڵڵا ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی، بە وێبسایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگەیاندووه: "پاش نەخۆشكەوتنی سەرۆك مام جەلال، یەكێتی پێویستی بە رێكخستنەوەی سیاسەتەكانی بوو بۆ قۆناغی داهاتووی گەلەكەمان لەكوردستان و عیراق، ئەمەش یەكێتی بەرەو یەك سەركردەیی و یەك بڕیاری ئاڕاستە كردو ئێستا سەرۆك بافڵ سەركردایەتی هەلومەرجی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەكات".
"سیاسەتی نوێی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كە یەكڕیزی و یەك هەڵوێستییە، یەكێتییەكی پتەوتر لەسەر ئاستی كوردستان و عیراق نیشاندەدات، هاوكات یەك ئیرادەیی یەكێتی بەمانای ئەوە نایەت كادران و مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی یەكێتی بۆچوون و هەڵوێستیان نییە، بەڵكو بەمانای ئەوەیە هەمووان بەیەكەوە هەڵوێستەكان گەڵاڵە دەكەین و هەر ئەوەش دەبێتە سیاسەتی گشتی و بەشێك لەبەرنامەی یەكێتی" ستران عەبدوڵڵا وایوت.
سەرۆك بافڵ داڕێژەری سیاسەتی نوێی یەكێتییە
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەئەمڕۆدا یەك بڕیارو یەك دەنگ و یەك هەڵوێستە، سەرۆك بافڵ-یش داڕێژەری سیاسەتی نوێی یەكێتییە و دەیەوێت هەموو ئەو ئامانجانە بەدیبهێنێت كە یەكێتی لەپێناویدا دروستبووە.
شیرین یونس ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەفراكسیۆنی یەكێتی، بە وێبسایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگەیاندووه: دوای كۆچی دوایی رابەرمان سەرۆك مام جەلال، بارودۆخی یەكێتی وەك پێویست نەبوو، بە تایبەت لە دوای چوارەمین كۆنگرەوە ئاڵۆزی بارودۆخەكە زیاتر هەستی پێدەكرا، بۆیە سەرۆك بافڵ لەسەر رێبازەكەی (مام) سیاسەتێكی نوێی داڕشت كە هەموو ئەو ئەنجامانە بەدیبهێنێت كە یەكێتی بۆ دروستبووە".
"یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەسەر رێگا راستەكەیە و سەركەوتنی لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا سەلمێنەری ئەو راستییەیە، ئێستاش یەك دەست و یەك بڕیار و یەك هێز و یەك سەرۆكە و هەموو توانای خۆی بۆ خزمەت و بەرگریكردن لەخەڵكی كوردستان بەكاردەهێنێت"، شیرین یونس وایوت.
بەهێزی یەكێتی لە بەغدا بەرهەمی سیاسەتی نوێیە
ئەمڕۆ یەكێتی یەك بڕیارو یەك دەنگە، دەرئەنجامی ئەم یەكڕیزی و یەك بڕیارییەش بەهێزتربوونی لەبەغداو سەركەوتنی بوو لەكەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان و راگرتنی باڵانسی هێزە لەكوردستان.
سەرتیپ عەلی ئەندامی پێشووی سەركردایەتی یەكێتی، بە وێبسایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگەیاندووه: "یەكێتی بەهەمان بیرو باوەڕی سەرەتای دامەزراندنییەوە كە بنەما جێگیرەكانی یەكێتین، بەردەوامە و ئێستاش بە یەك بڕیاری و یەك دەنگی، بە هەمان سیاسەت و ئامانجەوە كار بۆ خەباتی رزگاریی و پێداویستییەكانی خەڵكی كوردستان دەكات، بەروبوومی ئەم یەكڕیزی و یەك بڕیارییەش سەركەوتنی یەكێتی بوو لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لەكەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان و راگرتنی باڵانسی هێز لەكوردستان".
"بەهێزی ئێستای یەكێتی لەبەغداو داڕشتنی سیاسەتێكی دروست لەژێر رۆشنایی دەستووری عیراق بۆ داكۆكیكردن لەمافی خەڵك، ئەنجام و بەرهەمی سیاسەتی نوێی و یەك سەركردەیی یەكێتییە كە دەتوانێت هەموو ئەو ئەنجامانە بەدی بهێنێت كە 50 ساڵە لەپێناویدا دامەزراوە" سەرتیپ عەلی وایوت.
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، نەك هەر بەرژەوەندی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانی خستووەتە پێش بەرژەوەندی حزبی خۆیەوە، بەڵكو لە سەرەتای دامەزراندنییەوە تاوەكو ئێستا كاری بۆ خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان كردووەو لەو پێناوەشدا دامەزراوە، لەم قۆناغەشدا كەبەراوورد بەچەند ساڵی رابردوویی لە هەمووكات زیاتر یەك دەنگ و یەك بڕیارە، دەیەوێت بە یەك دەنگی و یەك سیاسەتی و یەك سەركردەیی و یەك بڕیاری داكۆكیكاری ماف و بەرژەوەندییەكانی خەڵك بێت.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP