پارێزگاری كەركوك بڕیارێك له‌ به‌رژه‌وه‌ندی جوتیاران ده‌دات

کوردستان
20:06 - 2025-05-28


رێبوار تەها پارێزگاری كەركوك، فەرمانیدا بە زیادكردنی ژمارەی ئەو بارهەڵگرانە كە بەرهەمی گەنمی جوتیارانی كەركوك دەگوازنەوە و دڵنیایشی دایە جوتیارانی شارەكە تەواوی بەرهەمەكانیان لێ وەردەگیرێت.

رێبوار تەها پارێزگاری كەركوك كە هاوكات سەرۆكی لیژنەی باڵای وەرگرتن و بەبازاڕ كردنی بەرهەمی جوتیارانی كەركوكیشە، نووسراوێكی ئاڕاستەی كۆمپانیای گشتی بازرگانی دانەوێڵەی كەركوك كردووە و كۆمپانیاكەی ئاگاداركردووەتەوە كە ژمارەی ئەو بارهەڵگرانە زیاد بكات كە بەرهەمی گەنمی جوتیارانی كەركوك لە چوارچێوەی لیستی فەرمانگەی كشتوكاڵی كەركوك بۆ ناوەندەكانی وەرگرتن دەگوازنەوە، بەجۆرێك ژمارەی بارهەڵگرەكان لە رۆژێكدا لە 350 بارهەڵگر كەمتر نەبێت".

لە نووسراوەكەدا پارێزگاری كەركوك رایگەیاندووە: "دڵنیایی دەدەینە سەرجەم جوتیارانی شارەكە كە ئەمساڵ تەواوی بەرهەمەكانیان لێ وەردەگیرێت و ئامانجمان سەركەوتنی پڕۆسەكەیە" پارێزگاری كەركوك وایوت.

لەلایەكی دیكەوە فەرمانگەی كشتوكاڵی كەركوك رایگەیاند: "پێشبینی دەكەین سەرجەم بەرهەمی گەنمی جوتیارنی كەركوك لە ناوچە جیاوازەكانی پارێزگاكەدا بگاتە نزیكە 457 تۆن كە لە رووبەری زیاتر لە 570 هەزار دۆنم زەوی بەراودا تۆو كراون.

ئەمەش لەكاتێكدایە رۆژی 14ی ئایاری 2025 رێبوار تەها پارێزگاری كەركوك رایگەیاند: "رەزامەندی حكومەتی فیدراڵ و وەزارەتی كشتوكاڵی عیراقی وەرگرتووە  كە سەرجەم جوتیارانی كەركوك بەوانەی ناویشیان لە لیستی پلانی وەرگرتنی گەنمدا تۆمار نەكراوە، بەرهەمی گەنمیان بەنرخی حكومەت كە 850 هەزار دینارە بۆ هەر تۆنێك لێ وەربگیرێت".

دەقی نووسراوەكەی پارێزگاری كەركوك بە وێنە:

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP