ئیدارەی خۆسەر ڕادەستکردنی کەمپی هۆڵ بەدیمەشق ڕەتدەکاتەوە

کوردستان
15:18 - 2025-05-28

بەرپرسێکی ڕۆژئاوای کوردستان ڕایدەگەیەنێت، سەردانەکەی وەفدی حکومەتی دیمەشق بۆ کەمپی هۆل تەنها بۆ دانانی میکانیزمێکە بۆ گەڕانەوەی بەندکراوانی سوریا و کەمپەکە لەژێر بەڕێوەبردنی ئیدارەی خۆسەر دەمێنێتەوە.

دوای ئەوەی وەفدی حکومەتی دیمەشق لەگەڵ ئیدارەی خۆسەر و وەفدی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی چەند ڕۆژێک پێش ئێستا سەردانی کەمپی هۆلیان کرد، دەنگۆی زۆر بڵاوبووەوە کە ئێستا حکومەتی دیمەشق ئیدارەی کەمپی هۆڵ کۆنترۆڵ دەکات.

سەبارەت بەو پرسە، هاوسەرۆکی فەرمانگەی کاروباری کۆچبەرانی ئیدارەی خۆسەری دیموکراتی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، شێخ موس ئەحمەد ڕایگەیاند، کەمپی هۆل لەلایەن ئیدارەی خۆسەرەوە بەڕێوەدەبرێت و لەلایەن هێزەکانی هەسەدە و هێزە ئەمنییەکانی ناوخۆوە پارێزراوە، هاوپەیمانی نێودەوڵەتیش هاوبەشی ئەوانە. 

شێخ موس ئەحمەد وتیشی، "سەردانەکەی حکومەتی دیمەشق لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی نێوان فەرماندەی هێزەکانی هەسەدە،  مەزڵوم عەبدی، و  ئەحمەد شەرع بوو، وەفدەکە تەنها بۆ میکانیزمێک بوو بۆ گەڕانەوەی بەندکراوانی سوری لەناو کەمپەکەدا جگە لە گفتوگۆکردن لەسەر میکانیزمی گەڕانەوەی سورییەکان هیچ گفتوگۆیەکی تر ئەنجامنەدرا.

راشیگەیاند: بەڕێوەبردنی کەمپەکە ڕادەستی حکومەتی دیمەشق ناکرێتەوە و بەردەوام دەبێت لە بەڕێوەبردنی لەلایەن ئیدارەی خۆسەرەوە. 

ئاماژەی بەوەشدا، ژمارەی خێزانە سورییەکان لە کەمپی هۆل نزیکەی 4 هەزار خێزانە و ئەوانەی دەیانەوێت بچنە دەرەوە خۆبەخشانە ئەو کارە دەکەن دوو ڕۆژی دیکە خێزانە سوورییەکان دەست دەکەن بە جێهێشتنی کەمپی هۆڵ.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP