كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق، ئاماری هەفتانەی بۆ تۆماری بایۆمەتری دەنگدەران ئاشكرایكرد و بەگوێرەی ئامارەکە زیاتر له 23 هەزار كەس تۆماری بایۆمەترییان بۆکراوە، لەو ژمارەیە زیاتر لە هەزار كەسیان لە هەرێمی كوردستان بوون.
بە گوێرەی ئاماری كۆمسیۆن، لەماوەی هەفتەی رابردوودا لە هەرێمی كوردستان هەزار و 13 كەس ناویان تۆمار كراوە، لەو ژمارەیە 347 كەسیان لە سلێمانی و 294 كەس لە هەولێر و 372 كەس لە دهۆك بوون.
هەر بەگوێرەی ئامارەكە، لەرەسافەی بەغدا زۆرترین كەس تۆماركراون، کە چوار هەزار و 717 كەسە.
کۆمسیۆن ئەوەشی بڵاوکردۆتەوە لە ماوەی ئەو هەفتەیەدا 14 هەزار و 512 کارتی دەنگدانیش بەسەر هاووڵاتیاندا دابەشکراون.
ئەمە لەكاتێكدایە بەبڕیاری كۆمسیۆن پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، تۆماركردن و وەرگرتنەوەی كارتی بایۆمەتری دەنگدان راگیرا، دواتر كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق رۆژی 3-12-2024 بڕیاریدا تۆماركردن و دابەشكردنی كارتی بایۆمەتری دەنگدان لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان دەستپێبكاتەوە.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP