یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە رەوانەی سەرۆکایەتی کۆمار کرا بەمەبەستی پەسند کردنی لەلایەن سەرۆککۆمارەوە
چرۆ حەمە شەریف ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراکسیۆنی یەکێتی بە PUKMEDIA ی راگەیاندووه:" لەلایەن سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە یاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە ئاراستەی سەرۆکایەتی کۆمار کراوە، بەمەبەستی پەسەند کردنی یاساکە".
دوای پەسندکردنیشی بە رەسمی لە رۆژنامەی وەقائعی عیراقی بڵاودەکرێتەوە و رێکارەکانی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە کۆتایی دێت.
هاوکات بەپێی نەخشەیەك كە وەزارەتی پلاندانانی عیراق پەسندی كردووە، سنووری پارێزگای هەڵەبجەی وەك 19هەمین پارێزگای عیراق كە رۆژی 14-4-2025، پەرلەمانی عیراق یاساكەی پەسندكرد، دیاری كراوە.
لەو بارەیەشەوە، كاروان یاروەیس بڕیاردەری فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بەوێبسایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگەیاند: "بەپێی نەخشەكە لەلایەن د. محەمەد تەمیم وەزیری پلاندانانی عیراق و بەڕێوەبەرایەتی و بەشە پەیوەندارەكانی وەزارەتەكەوە ئیمزا كراوە، سنووری پارێزگاكە ناحیەكانی سیروان، خورماڵ، بیارە و بەمۆ دەگرێتەوەو قەزای هەڵەبجەش ناوەندی پارێزگاكەیە".
"سنووری دەرەوەی پارێزگاكە هەمووی بە كۆماری ئیسلامی ئێرانەوەیەو لەناوخۆش هاوسنووری پارێزگاكانی سلێمانی و دیالەیە" كاروان یاروەیس وادەڵێت.
راشیگەیاند: "لەخشتەكەدا هێشتا خورماڵ وەك ناحیە ناوی هاتووە هەرچەندە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە كراوە بە قەزا".
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP