مایكڵ رۆبن دیپلۆماتكاری پێشووی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا و نووسەر لە نوێترین شیكاری سیاسیدا كە لە پێگەی (نەیشناڵ ئینترێست) بڵاوكراوەتەوە لەژێر ناونیشانی "پێویستە ئەمریكا لەدژی چاوترسێنكردنەكانی بارزانی بوەستێتەوە لە عیراق" باس لەو قەیرانە سیاسییە دەكات كە ئێستا لە عیراق هەیە و رۆڵی خراپی خێزانی بارزانی دەخاتەڕوو كە رێبەری پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەن لە دۆخی سیاسی عیراقدا.
لە دەستپێكی شكارییەكەدا مایكڵ رۆبن ئاماژە بەوەدەكات، "لە ساڵی 2018 كاتێك هەڵبژاردن لە عیراق ئەنجامدرا هاوشێوەی ئێستا چەندین مانگی خایاند تاوەكو سەرۆكی پەرلەمان، سەرۆككۆمار و سەرۆكوەزیرانی هەڵبژێردران. لە ئێستادا هێزە سیاسییەكانی عیراق لە پشت پەردەوە سەرقاڵن بە بابەتی سیاسی، لەكاتێكدا دیپلۆماتكارەكانی ئێران و ئەمریكا هەریەكەو بەشێوەیەك سەرقاڵی ئەوەن ئەو كاندیدانە ببەنە پێشەوە كە هاوپەیمان و هاوسۆزی ئەوانن و لەگەڵ بەرژەوەندییەكانی ئەوان رێدەكەن".
لە بەشێكی تری شیكارییەكەیدا مایكڵ رۆبن ئاماژە بە لاوازی ئیدارەی پێشووی ئەمریكا دەكات لە عیراق و ئەوەش رووندەكاتەوە، "لەكاتی قەیرانی پێكهێنانی حكومەتی نوێ لە ساڵی 2018 برێت مەكگۆرگ، نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا بوو لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش. بەهۆی ئەزموونی كاركردنی لە عیراق و پەیوندییە فراوانەكانی لەگەڵ بەرپرسانی عیراق سەرۆك ترەمپ و مایك پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەوكاتی ئەمریكا پشتیان پێبەستبوو لە داڕشتنی سیاسەتی ئەمریكا لە عیراق. لەو كاتەدا ئەمریكییەكان، ئەوروپییەكان، عەرەب و ئێرانییەكان سەرجەمیان كۆكبوون لەسەر ئەوەی كە بەرهەم ساڵح بەتواناترین و لەڕووسی سیاسییەوە گونجاوترین كاندیدە بۆ پۆستی سەرۆككۆماری عیراق، بەڵام مەكگۆرگ داوای لە كەساسییەكانی عیراق كرد كە فوئاد حسێن هەڵبژێرن. دەستكەوت و تواناكانی فوئاد حسێن زۆر سنووردار بوون و عیراقییەكانیش خۆیان كۆكبوون لەسەر ئەم بابەتە. بە وتەی ئەو كەسانەی كە لە كۆبوونەوەكاندا بوونیان هەبووە، هۆكاری مەكگۆرگ بۆ داواكارییەكەی ئەوە بووە كە هەڵبژاردنی هەر كەسێك جگە لە پیاوەكەی بارزانی دەبێتە هۆكاری ئەوەی بارزانی پشێوی لە سنووری عیراقدا بنێتەوە. لە راستیدا ئەمە خەم و مەترسییەكی گەورە نەبووە لەو كاتەدا، چونكە ساڵێك بەرلەوە مەسعود بارزانی، هۆشیار زێباری خاڵی و مەسرور بارزانی كوڕی ریفراندۆمی سەربەخۆییان لە هەرێمی كوردستان و ناوچە كێشە لەسەرەكان ئەنجامدا".
مایكڵ ڕۆبن لە درێژەی شیكارییەكەیدا باس لە ترسی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە خێزانی بارزانیش دەكات و روونیدەكاتەوە، "بۆ ماوەی نزیكەی 20 ساڵ وەزارەتی دەرەوەی ئێمە رێگەیداوە ئەو ترسەی كە لە ماڵی بارزانی هەیەتی ببێتە هۆكاری داڕشتنی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا لە عیراق. بەشێك لە بەرپرسانی رابردوو و ئێستای حكومەتی ئەمریكا پێگەی خۆیان لە وەزارەتی دەرەوە و بەرگریی لە بەرژەوەندی ماڵی بارزانی بەكارهێناوە لەبەرامبەر بەرژەوەندییە تایبەتییەكانیان. چەندین دیپلۆماتكار و بەرپرسی سەربازی تری ئەمریكا لەم كارەوە تێوەگلاون كە دەیڤێد پێترایۆس، فەرماندەی هێزی 101ی ئاسمانی یەكێكە لەوانە".
بە وتەی مایكڵ رۆبن "لەكاتێكدا كە بەرپرسەكانی تری عیراق لە بەغدا چاویان بە بەرپرسانی باڵای ئەمریكا دەكەوێت، بەڵام بارزانی داوایان لێدەكات سەردانی بكەن لە كۆشكەكەیدا كە دەكەوێتە سەر شاخەكان لە دەرەوەی هەولێر. بابەتەكە وادەردەكەوێت كە بارزانی وایكردووە ئەمریكییەكان حسابی بۆ بكەن، بەڵام بە پێچەوانەوە ئەمە تەنیا بۆ ئاسوودەكردنی ئیگۆ و هەستی خۆبەبەرپرس زانینی بارزانییە".
مایكڵ رۆبن لە درێژەی شیكارییەكەیدا تیشك دەخاتە سەرئەوەشی، "ئەم جۆرە لە حساب كردن بۆ بارزانی سوود بە بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا ناگەیەنێت. رووسییەكان سوود لە نەوتی هەرێمی كوردستان دەبینن. مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی رێگەیان خۆش كردووە بۆ ئۆپراسیۆنەكانی سوپای پاسدارانی ئێران. مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی ئێستای هەرێمی كوردستانیش لەنێو دەزگا هەواڵگرییەكانی ئەمریكادا بەوە ناوبانگی دەركردووە كە هەمیشە داوای مافی نیشتەجێبوون دەكات لە ئەمریكییەكان بۆ ئەندامانی خێزانەكەی و كەسە نزیكەكانی لە ئەمریكا".
لە بەشێكی تری شیكارییەكەیدا مایكڵ رۆبن ئەوەشی باسكردووە، "ئەم جیاوازیكردنە هیچ سەقامگیرییەكی هەرێمی دروستنەكردووە. دوو سەدە لەدوای كەوتنی رژێمەكەی سەدام حسێن تاوەكو ئێستا عیراق پێویستی بە بەهرەی نوێ هەیە بۆ بەڕێوەبردنی. دەسڵاتخوازییەكانی ماڵی بارزانی و بەدەمەوە هاتنەكانی ئەمریكا بۆ ئەم دەسەڵاتخوازییەیان وایكردووە ئەم بەهرەمەنییدە نەدۆزرێتەوە، چونكە بووەتە هۆكاری ئەوەی وا دەربكەوێتە كە تەنیا بارزانییەكان توانای ئەم كارەیان هەیە. یەكێك لە نمونەكانی ئەم بابەتە بریتییە لەو رووداوەی كە لەسەر سنووری بیلارووسیا روویدا. لە مانگی تشرینی دووەمی 2021 چەندین هاووڵاتی كورد چوونە بیلارووسیا و زۆرێكیشیان لەوێ مردن تەنیا لەبەر ئەوەی دەیانویست لەوێوە سنووری پۆڵەندا ببڕن و بچنە ئەوروپا. ئەمە سەرەڕای ئەوەی چەندین كورد لە كەناڵی ئینگلیز خنكان تەنیا مانگێك لەدوای رووداوی یەكەم. ئەمانە لە شەڕ رایاننەدەكرد، بەڵكو لە گەندەڵییەكانی رژێمەكەی بارزانی رایاندەكرد. ئەم خێزانە ئەوەندە گەندەڵن كە تەنانەت پشتیوانەكانی موقتەدا سەدر كە بەوە ناسراون زۆرینەی كات لە گەندەڵییەوە تێوەدەگلێن رەخنە لە سەدر دەگرن كە هاوپەیمانی لەگەڵ بارزانی پێكهێناوە، چونكە پێیانوایە بارزانی گەندەڵە".
بەشی كۆتایی شیكارییەكەی مایكڵ رۆبن تەرخانكراوە بۆ زیاتر رەخنەگرتن لە خێزانی بارزانی و ئەو نووسەر دەڵێت: "ئەگەر لە گۆشەیەكی پێچەوانەوە سەری بابەتەكەبكەین، ئەوە روونە كە لە ساڵی 2003ەوە تاوەكو ئێستا هەر پشتیوانییەك بۆ خێزانی بارزانی جا لە بە هەر شێوەیەك بێت بووەتە هۆكاری دروستكردنی ئارامی لە عیراق. لە كۆتایدا ئەمریكا بە بەختبوو كە ساڵی 2018 پشتیوانییە ژێربەژێرییەكانی مەكگۆرگ بۆ بارزانی شكستیان هێنا، چونكە مەحاڵبوو فوئاد حسێن بتوانێت عیراق بەو هەموو قەیران و خۆپیشاندان و كێشانەی دوای كوژرانی قاسم سلێمانی وبڵاوبووەنەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بەڕێوەبەرێت. هەرگیزیش نەیدەتوانی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی عیراق بەرەوپێشەوە بەرێت وەك ئەوەی كە بەرهەم ساڵح ئەنجامیدا. لە هەموو ئەمانەش زیاتر، هەرگیز لایەنگرەكانی بارزانی بە چاوێكی راستگۆییانە سەیریان نەكراوە لەلایەن مەزهەب، كەسایەتی و سیاسی و چینەكانی تری عیراقەوە".
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP