دوای هێرشێکی مووشەکی بۆ سەر ئیسرائیل، سوپای
پاسدارانی ئێران راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، سیستمی بەرگریی وڵاتەکەیان
تووشی ''سەرلێشێوان'' کردووە و ئۆپەراسیۆنەکەیان تا لەناوچوونی یەکجاریی رژێمی
زایۆنی بەردەوام دەبێت.
سوپای پاسدارانی ئێران دوای زنجیرە هێرشێکی
مووشەکی بۆ سەر حەیفا، تەلئەبیب و ئورشەلیم، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە دەڵێت لەم
ئۆپەراسیۆنەدا، بە شێوەیەکی نوێی هەواڵگری، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی دوژمنمان
تووشی سەرلێشێواوی کرد.
بەگوێرەی
راگەیێندراوەکە، لە ئەنجامی هێرشەکەی سوپای پاسداران، سیستمە بەرگرییە
ئاسمانییەکانی ئیسرائیل، تووشی هەڵە بوون و لەبری مووشەکەکانی ئێران، یەکدییان
کردووەتە ئامانج.
سوپای پاسداران جەخت لەوە دەکاتەوە، داهێنان و
تواناییە بەکارهاتووەکان لەم ئۆپەراسیۆنەدا بە شێوەیەک بوون سەرەڕای پشتگیریی هەمەلایەنەی
ئەمریکا و زلهێزانی رۆژئاوا لە رژێمی زایۆنی و هەبوونی پێشکەوتووترین سیستمی
بەرگریی ئاسمانی، زۆربەی مووشەکەکانمان سەرکەوتووانە ئامانجی خۆیان پێکا.
سوپای پاسداران هۆشداری دەدات، ئۆپەراسیۆنەکانمان
دژی ئامانجە گرنگەکانی ئەم رژێمە ساختەیە، کاریگەرتر، ئامانجدار و بەهێزتر
بەردەوام دەبێت، تا ئەوکاتەی بە تەواوی لەناودەچێت.
ئەمە لەکاتێکدایە سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، فڕۆکە
جەنگییەکانی هێزی ئاسمانیی وڵاتەکەی، هێرشیان کردووەتە سەر بارەگاکانی فەیلەقی
قودسی سەر بە سوپای پاسداران لە تاران.
ئەم هێرشە گورزێکی دیکەی ستراتیژییە کە ئیسرائیل
لە ماوەی شەڕەکەدا لە ئێران و بە تایبەتی لە سوپای پاسدارانی دەدات.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP