ڕێكخراوی هەنگاو: لە شەڕی سێ ڕۆژەی ئیسرائیل و ئێران زیاتر لە 300 سەربازی ئێران كوژراون

جیهان
23:17 - 2025-06-15

ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕایگەیاند، بەهۆی بۆردومانەكانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران زیاتر لە 300 سەربازی سوپای ئێران كوژراون.

شەڕی سێ ڕۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل بەردەوامی هەیە. هێشتا ئێران هیچ ئامارێكی رەسمی لەبارەی كوژرانی سەرباز و هاوڵاتیانی مەدەنی بڵاو نەكردوەتەوە، بەڵام ئەرسەلان یار ئەحمەدی، سەرۆكی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕایدەگەیەنێت، ناوی 95 هاوڵاتی كوژراو لە ئێران تۆماركراون و زیاتر لە 300 سەربازیش كوژراون.

سەرۆكی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ئەوەش دەڵێت: لە ناوچەی چەمرانی تاران ئەو شوێنەی فەرماندە باڵاكانی ئێران لێی دەمانەوە، لە شەوی یەكەمی بۆردوومانەكانی ئیسرائیل 23 كەس لە ژن و منداڵی فەرماندە سەربازییەكانی ئێران كوژراون و ناویان تۆمار كراوە.

ئەرسەلان یار ئەحمەدی دەشڵێت: كارمەندێكی مانگی سور لە تەورێز و هاووڵاتییەكی كورد بەناوی فڵامەرز حەزرەتی لە قەسری شیرین و كارمەندێكی ڕادیۆ لە هەمەدان لەناو ئاماری كوژراواندان.

ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو دەشڵێت، سوپای پاسداران لە ناوچەی پیشەسازی دێزڵاوای كرماشان بە خەڵكی كاسبكاری ناوچەكەیان وتووە پێویستە ئەم ناوچەیە چۆڵ بكەن و تا كاتێكی نادیار كەس ناتوانێت بگەڕێتەوە .


بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP