سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، شەوی رابردوو زیاتر لە
80 ئامانجیان لە تارانی پایتەخت پێکاوە، لەنێویاندا بارەگای وەزارەتی بەرگری ئێران
و دامەزراوە ئەتۆمییەکان و چەند ئامانجێکی دیکە، کە ئەرشیفی ئەتۆمیی ئێرانی تێدا
حەشاردرابوو، ئەوەش لەکاتێکدایە هێرش و ئاڵۆزییەکانى نێوانیان لە رۆژی سێیەمدا
توندتر بووەتەوە و هێرشەکان لە هەردوولاوە بەردەوامن.
ئێفی دێفرین، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە
کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هێرشەکان دامەزراوەکانی پەرەپێدانی چەکی
ئەتۆمی و کۆگاکانی سوتەمەنیان لە ئێران بەئامانج گرتووە.
راشیگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانیان چەندین ئامانجی
حوسییەکانیان لە یەمەن بۆردوومانکردووە.
وتیشى، شەڕەکە لە سەرجەم بەرەکانە و لە غەززەش
بەردەوامە و ئامانجەکانیان لە غەززە نەگۆڕە، ئەویش لەناوبردنی حەماس و گەڕانەوەی
بارمتەکانە.
وتەبێژی سەربازی ئیسرائیل جەختی لەوەشکردەوە، لە
کارکردن دژى هەر لایەنێک بەردەوام دەبن کە هەڕەشە لە دەوڵەتی ئیسرائیل بکات.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP