ڕاوێژکارێكی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری کارەبا ڕایگەیاند، حکومەت چەندین پلانی هەیە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی كەمی چاوەڕوانکراو لە تۆڕی كارەبا کە بەهۆی راگرتنی غازی ئێران روودەدات و رایگەیاند، جگە لە هەڵگرتنی بڕێکی زۆر غاز، هێڵەکان لەگەڵ ئوردن و تورکیا لە ئێستادا کاردەکەن و زۆربەی کارە تەکنیکی و بازرگانییەکان لەگەڵ لایەنی سعودیش تەواو بوە".
عادل کەریم، ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری کارەبا، ڕاشیگەیاند، حکومەت هەوڵێکی زۆر دەدات بۆ دەستەبەرکردنی کارەبا لە هاوینی داهاتودا، لە ژێر ڕۆشنایی ترسی کەمیی دابینکردنی غاز و کاریگەرییەکانی لەسەر بەرهەمهێنانی وزە.
وتیشی: تائێستا غازی ئێران بەردەستە، پێشبینیش دەکەین لە ماوەی داهاتودا کارەبا بە شێوەیەکی ئاسایی بەردەوام بێت، بەڵام حکومەت چەندین پلانی داڕشتوە بۆ چارەسەرکردنی هەر کەموکورتییەک، كە ئەگەری هەیە رووبدات.
ئەوەشیخستەڕو، هێڵەکانی کارەبا لەگەڵ ئوردن و تورکیا لە ئێستادا بە شێوەیەکی کارا کاردەکەن، هەروەها کارە تەکنیکی و بازرگانییەکان لەگەڵ لایەنی سعودیش تەواو بوە و پەیوەندی وڵاتانی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداویش لە قۆناغی کۆتاییدایە.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP