سەرۆك بافڵ لە بەغدا لەگەڵ د. لەتیف جەمال رەشید سەرۆککۆماری عیراق کۆبووەوە

عێراق
17:07 - 2025-04-10

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ د. لەتیف جەمال رەشید، سەرۆککۆماری عیراق کۆبووەوە. 

لە کۆبوونەوەکەدا دۆسیە سیاسی و ئەمنیی و ئابوورییەکان لەسەر ئاستی وڵات و ناوچەکە هەڵسەنگاندنی بۆ کرا و پابەندبوون بە دیدی هاوبەش و رێککەوتن لەسەر پرۆژەی نیشتمانی لەپێناو زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەکاندا جەختی لەسەر کرایەوە. 

بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق لە کۆبوونەوەکەدا خرایەبەر باس و هەردوولا پەرۆشبوون بۆ رەخساندنی زەمینەی لەبار بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد کە ببێتە مایەی بوژاندنەوە و بەهێزترکردنی هاوبەشیەتی و زیاتر خزمەتکردنی خەڵک. 

سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی لە کۆبوونەوەکەدا جەختی لە کارکردن بە بنەما دەستووریی و یاساییەکان کردەوە و رایگەیاند، یەکێتی سیاسەتی هاوسەنگی و پاراستنی ئارامی و ئاسایش پەیڕەو دەکات کە ئەمەش بۆ زامنکردنی مافی هەموولایەکە. 

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سوپاسی سەرۆککۆماری عیراقی کرد بۆ پەرۆشی و بەدواداچوونی بەردەوامی بۆ کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بە تایبەتی پرسی مووچە و شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP