په‌رله‌مانتار كاروان یاروه‌یس: بۆ داخستنی تیك تۆك هیچ داوایه‌كمان پێنه‌گه‌یشتووه‌

عێراق
18:43 - 2025-04-06


وه‌زیری گه‌یاندنی عیراق داوا ده‌كات نوێنه‌رانی عیراق ئه‌پلیكه‌یشنی تیكتۆك دابخرێت، ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی گواستنه‌وه‌و گه‌یاندنیش له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ده‌ڵێت:" بڕیاری داخستنی تیكتۆك ئاسان نییه‌و هیچ داوایه‌كیشیان له‌و باره‌یه‌وه‌ پێنه‌گه‌یشتووه‌".

كاروان یاروه‌یس ئه‌ندامی لیژنه‌ی گواستنه‌وه‌و گه‌یاندن له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق به‌    PUKMEDIAی راگه‌یاندووه‌:" هه‌رچه‌نده‌ له‌میدیاكانه‌وه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ كه‌ گوایه‌ وه‌زیری گه‌یاندنی عیراق داوای داخستنی (تیكتۆك)ی له‌عیراق كردوه‌و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش داواكاری پێشكه‌ش به‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران كردووه‌، به‌ڵام تائێستا هیچ داوایه‌كمان له‌و باره‌یه‌وه‌ به‌ره‌سمی پێ نه‌گه‌یشتووه‌".

"داخستنی تیكتۆك و تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی دیكه‌ ئاسان نییه‌و پێویسته‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌لایه‌نه‌ باش و خراپه‌كانی بكرێت، هه‌روه‌ها پێویسته‌ هۆكاری داواكاری وه‌زیری گه‌یاندن بزانرێت"  كاروان یاروه‌یس واده‌ڵێت

سایتی PUKMEDIA ئاماژه‌ی بۆئه‌وه‌شكردووه‌ كه‌ به‌پێی به‌دواداچوونێكیان، نزیكه‌ی 32 ملیۆن به‌كارهێنه‌ری تیكتۆك له‌عیراقدا هه‌یه‌و به‌كارهێنه‌رانی ئه‌م تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ له‌ ریزبه‌ندی 14 هه‌مینی جیهاندایه‌.

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌، له‌ماوه‌ی دوو ساڵی رابردوو به‌كارهێنه‌رانی تێكتۆك له‌عیراق نزیكه‌ی 10 ملیۆن زیادیكردوه‌ كه‌ زیاتر له‌30% ده‌كات، بەڵام  لەگەڵ ئەم زیادبوونەی بەکارهێنەرانی پلاتفۆڕمەکە وەزیری گەیاندنی عیراق داوای داخستنی دەکات.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP