وەزیری بەرگری ئەمەریکا پەیوەندی بە محەمەد شیاع
سودانییەوە دەکات و باسی هاوبەشی ستراتیژی نێوانیان لەپێناو بەرژەوەندی و سەقامگیری
ناوچەکەدا دەکەن.
بەپێی راگەیەنراوێکی نوسینگەی سودانی، پیت هێگسێس وەزیری
بەرگری ئەمەریکا لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا ئاماژەی بەوەکردوە، ئەمەریکا لە ئۆپەراسیۆنەکانی
دژ بە حوسییەکان بەردەوام دەبێت، ئەگەر هێرشەکانیان بۆسەر هێزەکانی ئەمەریکا و کەشتیوانەکانی
لە دەریای سور رانەگرن.
هەروەها، جەختی لەوەکردوەتەوە واشنتۆن بەدوای پەرەسەندنی
ئەو هێرشانەدا نییە و هەرکاتێک هێرشەکان وەستان ئەمەریکاش ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان
رادەگرێت.
هاوکات، سەرۆکوەزیرانی عێراق پابەندبوونی وڵاتەکەی
بۆ پاراستنی راوێژکارانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دووپاتکردەوە کە لەسەر بانگهێشتی عیراق،
بۆ پاڵپشتیوانی بەرەنگاربوونەوەی داعش لە وڵاتەکەن.
هەرلەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا، هەردوولا پابەندبوونی
خۆیان بۆ پاراستنی سەقامگیری ناوچەکە دووپاتکردەوە و وەزیری بەرگری ئەمەریکاش پشتیوانی
وڵاتەکەی بۆ ئاسایش و سەقامگیری عێراق دوپاتکردەوە.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP