حکومەتى
عیراق زۆربەی ڕێکارە ئەمنیی و کۆمەڵایەتییەکانی بۆ گەڕاندنەوەی خێزانە عیراقییەکان
لە کەمپی هۆل تەواوکردووە.
سەبارەت
بەم پرسە فازل ئەبو رغیف شارەزای ئەمنی رایگەیاند: هەموو ئەو کەسانەی کە مەترسی ئەمنی
و تایفەگەرییان لەسەر نییە، ڕێگەیان پێدەدرێت لەکەمپی هۆلەوە بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان،
هاوکات ئەو کەسانەشی تێوەگلاون لە کردەوەی تیرۆریستی ڕەوانەی دەسەڵاتی دادوەری دەکرێن.
باسیلەوەشکرد:
ئەو خێزان و کەسانەی ئەو دوو مەرجە بۆ گەڕانەوەیان نایانگرێتەوە، لە کەمپی جەدعە لە
پارێزگای نەینەوا یان لە کەمپەکانی دیکەدا نیشتەجێ دەکرێن تاوەکو دۆسیەکانیان یەکلادەکرێتەوە.
ئاماژەى
بەوەشکرد: عیراق تەنیا هاووڵاتیانی خۆی دەگەڕێنێتەوە و بەرپرسیارێتی هیچ کەس و خێزانێکی
بیانی هەڵناگرێت، پرۆسەی گەڕانەوەى خێزانە عیراقییەکانى کەمپی هۆلیش بەهاوکاری نەتەوە
یەکگرتووەکان بەڕێوەدەچێت.
هەر سەبارەت بە کەمپی هۆل, روانگەی سوریی بۆ مافەکانی مرۆڤ
لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە: گەڕاندنەوەی خێزان و كەسوكاری ئەندامانی داعش
لەسەر داوای عیراق بووە.
دەشڵێت: دوای تەواوكردنی رێكارە یاسایی و ئەمنییەكان
چوارشەممەى ڕابردوو (161) خێزانی عیراقی كە لە (607) كەس پێكهاتون كەمپی هۆلیان بەجێهێشتوە
و گەڕێنراونەتەوە بۆ وڵاتەكەی خۆیان.
پێشتریش حكومەتی عیراقی رایگەیاندبوو، دوای گەڕاندنەوەی خێزان
و كەسوكاری ئەندامانی رێكخراوی داعش لە كەمپەكان نیشتەجێیان دەكەن و خولی راهێنانیان
بۆ دەكەنەوە بۆ ئەوەی دەستبەرداری ئەو بیرە توندڕەوییە ببن و پاشان تێكەڵ بە كۆمەڵگە
دەكرێنەوە.
کەمپی
هۆل دەکەوێتە پارێزگای حەسەکە لە ڕۆژئاوای کوردستان و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری سووریا
(خۆسەر) سەرپەرشتی دەکات، نزیکەی 43 هەزار چەکداری پێشوو و ژن و منداڵی ئەندامانی داعش
لەو کەمپە کۆکراوەتەوەو بەپێی زانیارییەكانیش
(80%)ـی دانیشتوانی كەمپەكە لە ژن و منداڵ پێكدێن، کە 18 هەزاریان
عیراقین، حکومەتى عیراقیش جەخت لە گەڕانەوەی هەموویان دەکاتەوە.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP