خاتو شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د: داواکاری کاسبکاران بەگرنگ دەزانین

کوردستان
15:50 - 2021-10-31


بۆ رێکخستنەوەی ناو بازاڕی سلێمانی و بەدەنگەوەهاتنی داواکاری کاسبکاران، ئەمڕۆ ٣١-١٠-٢٠٢١، خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و سەرپەرشتیاری مەڵبەندی ١ی رێکخستنی سلێمانی(ی.ن.ک) بەئامادەبونی سەلمە فاتیح ئەندامی پارلەمانی کوردستان لەگەڵ ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی و توانا کەمال سەرۆکی شارەوانی و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی لایەنە پەیوەندیدارەکان و نوێنەری کاسبکاران کۆبۆوە.
لەدەستپێکی کۆبونەوەکەدا خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد سوپاسی ئامادەبووانی کرد لە دڵسۆزییان بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان بەباشترین شێوە بۆ خزمەتی هاوڵاتیانی سلێمانی، دواتر کورتەیەکی لەسەر ئەو گرفت و کێشانە باسکرد کە لەلایەن کاسبکارانەوە ئاڕاستەی سەرپەرشتیاری مەڵبەند کراوە وەک خەمخۆری هەمیشەیی جەماوەر و چین و توێژەکانی سلێمانی. 
خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد پەیامی یەکێتی بۆ بەدەنگەوەهاتنی داواکاری چین و توێژەکان خستەڕوو، ڕایگەیاند ئێمە داواکاری کاسبکارانی ناوشاری سلێمانی بەگرنگ دەزانین و پێشمان وایە پێویستە بەهەمولایەک کاربکەین بۆ فەراهەم کردنی بازاڕێک کە ژینگەیەکی لەباری کارکردن تێیدا بەردەست بێت. 
وتیشی لەسەردان و بەسەرکردنەوەی رۆژانی رابردووماندا بۆ ناو بازاڕی سلێمانی ئەو کێشە و کەم و کورتیانەمان بەرچاوکەوتوە کەبۆتە هۆی شێواندنی سیمای جوانی سلێمانی، لەگرفتی کۆبونەوەی خاشاک و ناڕێکی راکێشانی هێڵی کارەبا و چەندین گرفتی تر. 
خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد سەرنجی لایەنە پەیوەندیدارەکانی لە سلێمانی بۆ پێویستی گرنگیدان بەخزمەتکردنی هاوڵاتیان و کارکردن بۆ ڕێکخستنەوەی ناو بازاڕ راکێشا بەشێوەیەک کە هاوتای شاری شاران بێت و لەئاست خەبات و قوربانیدانی جەماوەرە کۆڵنەدەرەکەیدا بێت. 
لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئامادەبوی کۆبونەوەکە رایانگەیاند تێبینی و گرنگیدانی مەڵبەندی سلێمانی و خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد بەهەند وەردەگرن و بریاری پێویستی لەبارەوە دەدەن بەجۆرێک کەلەبەرژەوەندی هاوڵاتیان و کاسبکارانی سلێمانیدا بکەوێتەوە، ئاماژەشیان بەوە کرد کەئەو لەمپەرانەش چارەسەر دەکەن کەدێتە ڕێی جێبەجێکردنی پرۆژە خزمەتگوزارییە پێویستەکان لەکارەبا و کۆکردنەوەی خاشاک و رێگری لەکەڵەکەبوونیان، بۆ پاراستنی سیمای جوانی شاری هەڵمەت و قوربانی.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP

بەپەلە