بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە ئەندرۆ بیزلی، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان کرد.
لە دیدارێکدا کە شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ ئامادەیبوو دوایین پەرەسەندنە سیاسی و ئابوورییەکان گفتوگۆیان لەبارەوەکرا و جەخت لە هەماهەنگی و هاریکاریی نێوان سەرجەم لایەنەکان لە هەرێمی کوردستان و عیراق کرایەوە لەپێناو زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەکاندا.
لێکتێگەیشتنی نوێی نێوان هەرێمی کوردستان و عیراق تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکان بوو و سەرۆک بافڵ وتی، ئێمە بە نوێنەرایەتیی خەڵکی کوردستان چووینە بەغدا و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان گفتوگۆمانکرد بۆ گەیشتنە لێکتێگەیشتنێک بۆ ناردنی مووچە، چونکە مووچەخۆران لە دۆخێکی سەختدان، ئێستاش کە کاتی جێبەجێکردنیەتی هیوادارم هیچ لەمپەرێک دروستنەکرێت، هەروەها لە زووترین کاتدا هەناردەکردنەوەی نەوت دەستپێبکاتەوە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاند، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بڕوای بە سیاسەتی چارەسەرکردنی کێشەکان لە رێگەی گفتوگۆوە هەیە و هەوڵەکانمان بۆ پاراستنی مافە دەستوورییەکانی مووچەخۆرانە.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP