هێرشێكی درۆنی دیكە كرایە سەر كێڵگەی نەوتی DNO لە تاوكێ لە زاخۆ، هاوكات لە ناحیەی شەمامك-یش درۆنێكی بۆمبڕێژكراو كەوتەخوارەوە.
سەعات 10:50 دەقیقەی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، درۆنێكی بۆمبڕێژكراو لە نزیك گوندی سوورێژەی سەر بە شارەدێی شەمامك كەوتە خوارەوە و هیچ زیانێكی نەبوو.
لەلایەكی دیكەوە سەعات 10:55 دەقیقەی ئەمڕۆ، جارێكی دیكە بە درۆنی بۆمبڕێژكراو هێرشكرایە سەر كێڵگەی نەوتی DNO لە تاوكێ لە زاخۆ و هێرشەكە هیچ زیانێكی گیانی و ماددیی نەبووە.
هاوكات وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێم، لەبارەی هێرشە درۆنییەكانەوە رایگەیاند: ئەم جۆرە هێرشانە بۆ سەر ژێرخانی ئابووری هەرێمی كوردستان بە تووندی ئیدانە و شەرمەزار دەكەین و چەند جارێكیش داوامان لە حكومەتی فیدراڵی و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كردووە بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیانی نزیك بەم ناوچانە و گیانی كارمەندانی مەدەنی و ئەمنییەتی وزە بپارێزن و رێگری لە هێرشەكان بۆ سەر هەرێمی كوردستان و كەرتی وزە بكەن.
بەپێی بەدواداچوونەكان کەناڵی کەرکوکیش ئەم هێرشە درۆنییانە لەكاتێكدایە، جگە لەم دوو هێرشەی ئەمڕۆ، لەسەرەتای ئەم مانگەوە 19 هێرشی درۆنی كراونەتە سەر شارە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان، كە بەشێك لەو هێرشانە بۆ سەر كێڵگە نەوتییەكان و بەشێكیشیان بۆ سەر هێزە ئەمنییەكان و فڕۆكەخانەكان بوون.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP