کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) رۆژی
چوارشەممە، لە راگەیێنراوێکدا بە تووندی سەرکۆنەی ئەو هێرشانەی کرد کە لەم دوو رۆژە
کرانە سەر کێڵگە نەوتییەکانی کۆمپانیا ئەندامەکانی لە هەرێمی کوردستان. دەشڵێت، زۆربەی
کۆمپانیا ئەندامەکانی، بەرهەمهێنانیان راگرتووە.
لە راگەیەندراوەکە هاتووە، "ئەم هێرشانە هەڕەشەیان
لەسەر ژیان و سەلامەتیی هێزی کارمان دروستکرد، کە زۆرینەیان عێراقین و کارمەندە بیانییەکانمان
کە خەڵکی وڵاتی جیاوازن، هەروەها زیانیشیان بە دامەزراوەکان گەیاند."
ئەپیکور ئاماژەی بەوەشکردووە، لە دوای هێرشەکان،
کۆمپانیاکان خەریکی هەڵسەنگاندنی زیانەکانن بۆ سەر بەرهەمهێنان و دامەزراوەکانی دیکەی
کێڵگەکان.
هەر لە راگەیێنراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە،
"زۆرینەی کۆمپانیا ئەندامەکانی ئەپیکور، بەوانەشەوە کە نەکراونەتە ئامانج، بەرهەمهێنانیان
راگرتووە."
لە کۆتاییدا، کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان
داوای لە حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە، "رێوشوێنی زیاتر
بگرنەبەر بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی و ئاسایشی کارمەندان و دامەزراوەکانمان."
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان، ڕۆژى
چوارشەممە لە راگەیەندراوێکدا سەرکۆنەی هێرشی سەر کێڵگە نەوتییەکانی کرد و بە
"تیرۆریست"ـی ناوی بردن.
وەزارەتەکە داوایشی لە لایەنە پەیوەندیدارەکان لە
حکومەتی فیدراڵی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد بێنە سەر خەت بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی
هێرشەکان بۆ سەر وزەی هەرێمی کوردستان.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP