ئیدارەی خۆسەری باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لەسەر بنەمای ئەرکی ئەخلاقی و مرۆیی خۆمان و بە ڕەچاوکردنی ئەو بەها نیشتمانی و کۆمەڵایەتیانەی کە دەسەڵاتی کاروباری کۆمەڵایەتی سەر دامەزراوە، ڕەوانەکردنی وەجبەیەک لە هاوکاری مرۆیی بەپەلە بۆ گەلەکەمان لە پارێزگای سوەیدا ڕادەگەیەنین.
ئاماژەی بەوەشكردوە، لە ئەنجامی پێشهاتەکانی ئەوێ و هێرشەکانی ئەم دواییە کە ناوچەکانیان کردوەتە ئامانج، خەڵكی سوەیدا ڕوبەڕوی بارودۆخی مرۆیی لە ڕادەبەدەر سەخت بونەتەوە، كە بەهۆیەوە بارودۆخی ژیان و خزمەتگوزارییەکان تێکچوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، ئیدارەی خۆسەری لە نزیکەوە بەدواداچون بۆ ڕادەی ئەو ئازارانە دەكات کە خەڵک لەوێ توشی بوە، لەوانەش کەمیی کەرەستەی سەرەتایی و پچڕانی خزمەتگوزارییەکان.
ئەوەشیخستەڕو، جەخت لەوە دەکەینەوە کە ئەم هەنگاوە تەنها بەشێکە لە زنجیرەیەک دەستپێشخەری کە بەپێی توانا و پێداویستییەکان بەردەوام دەبن. لە هەمان کاتدا داوا لە هەمو ڕێکخراوە نیشتمانی و خێرخوازی و مرۆییەکان دەکەین هەوڵەکانیان یەکبخەن و پشتیوانی بۆ گەلەکەمان لە سوەیدا چڕتر بکەنەوە، بەشداری بکەن لە بەهێزکردنی خۆڕاگرییان و کەمکردنەوەی ئازارەکانیان.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، لە کۆتاییدا هاوسۆزی تەواومان لەگەڵ خەڵکی پارێزگای سویدە دەردەبڕین و جەخت دەکەینەوە لەسەر پێویستی ڕێزگرتن لە پیرۆزی خەڵکی مەدەنی و دورخستنەوەیان لە بەڵای ململانێ و شەڕ. ئێمە پیرۆزی خوێنی سورییەكان و پێویستی پەنابردن بۆ عەقڵ و دیالۆگ، لەبری توندوتیژی و پەرەسەندن دوپات دەکەینەوە.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP