بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق کۆببێتەوە و پڕۆژە یاساى رێککەوتنى هاندان و پاراستنى هاوبەش بۆ وەبەرهێنانى نێوان عێراق و سعودیە تاوتوێ بکات.
فەرمانگەى راگەیاندنى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق بڵاویکردەوە، کارنامەى دانیشتنەکەى ئەمڕۆ لە شەش بڕگە پێکهاتووە، بەجۆرێک دەنگدان بۆ دوو پڕۆژە یاسا و گفتوگۆ و خوێندنەوەى دووەم بۆ چوار پڕۆژە یاساى دیکە دەکات و بڕیارە لە پاش کاتژمێر یەکى پاشنیوەڕۆ کۆببێتەوە.
لە بڕگەى یەکەم دەنگدان بۆ پرۆژە یاساى بنەماکانى هاوتاکردنى بڕوانامەکان دەکرێت، لە بڕگەى دووەم دەنگدان بۆ پڕۆژە یاساى رێککەوتنى هاندان و پاراستنى هاوبەش بۆ وەبەرهێنانى نێوان حکومەتى عێراق و شانشینى سعودیە دەکرێت
هەروەها لە دانیشتنەکەدا، لە بڕگەى سێییەم گفتوگۆ و خوێندنەوەى دووەم بۆ پێشنیازى یاساى هەموارى یەکەمى یاساى وەزارەتى پەروەردە دەکرێت، کە لە ساڵى 2011 دەرچووە.
لە بڕگەى چوارەم گفتوگۆو خوێندنەوەى دووەم بۆ پێشنیازى یاساى پاراستن و چاککردنى ژینگە دەکرێت و هاوکات لە بڕگەى پێنجەم گفتوگۆ و خوێندنەوەى دووەم بۆ بە ئەندام بوونى عێراق لە رێککەوتنى 28ـى تەمموزى 1994 بۆ جێبەجێکردنى بەشى یانزەهەمینى رێککەوتنى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یاساى دەریاوانى.
بەگوێرەى کارنامەى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، لە بڕگەى شەشەم گفتوگۆ و خوێندنەوەى دووەم بۆ پێشنیازە یاساى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق و پێکهاتەکەى دەکرێت کە لەلایەن لیژنەى یاساییەوە ئامادەکراوە.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP