ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی بافڵ جەلال تاڵەبانی و سودانى بڵاوکرایەوە

عێراق
10:49 - 2025-07-16

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق سەبارەت بەکۆبونەوەى بافڵ جەلال تاڵەبانى سەرۆکى ى.ن.ک و محەمەد شیاع سودانى ڕاگەیندراوێکى بڵاویکردەوە، "باسی چەندین دۆسیە و پرسی نیشتمانی کراوە، بەتایبەتی پرسی رادەستکردنی داهاتی نەوتی و نانەوتی هەرێمی کوردستان، هەروەها مووچەی فەرمانبەران".
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هەر لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە گرنگیی هاوئاهەنگیی و کارکردن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان کرایەوە "بەگوێرەی رێکاری دەستووری و یاسایی و بڕیاری دادگەی فیدراڵی لەو بارەیەوە."
بابەتێکى  دیکەی کۆبوونەوەکە باسکردن بووە لە ئامادەکارییەکان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمان لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا و هەردوولا جەختیان لەوە کردووەتەوە "پێویستە ئەنجامی هەڵبژاردنەکە رەنگدانەوەی راستەقینەی خواستی گەلی عێراق بێت، لەڕێگەی هەڵبژاردنی نوێنەرانیانەوە لە پەرلەمان."
سەردانەکە لە کاتێكدایە، دوێنێ سێشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبووەوە و تێیدا باسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نەکرا.
سەرچاوەیەک پێى ڕاگەیاندین: دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە فوئاد حوسێن ماوەتەوە و دوو قۆڵی لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی کۆبووەتەوە و لەبارەی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا گفتوگۆیان کردووە.
رۆژی 8ی ئەم مانگە لیژنەیەکی وەزاریی پێکهێنرا بۆ ئەوەى هەردوو رەشنووسی هەولێر و بەغدا لە بارەى داواکارییەکانى نێوانیان لەبارەى پرسى نەوت و مووچە یەکبخەن.

لیژنەکە بە سەرۆکایەتی محەممەد تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری پلاندانانە بە ئەندامییەتی هەریەک لە بەنگین رێکانی، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن؛ خالید شوانی، وەزیری داد؛ ساڵح حەسناوی، وەزیری تەندروستی و نەعیم عەبوودی، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و خالید بەتال، وەزیری پیشەسازی.
سەرچاوەکە وتی:" لە کۆبوونەوەی دوێنێى ئەنجوومەنی وەزیران لیژنە حکومییەکە هیچیان پێشکەش نەکرد، چونکە نەگەیشتوونەتە ئەنجام و تەنیا یەک کۆبوونەوەیان کردووە".

عەبدولساحب بزوون، وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە ڕایگەیاند: "تاوەکو ئەمڕۆ هیچ رێککەوتنێک لەسەر دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان نەکراوە و دیاریش نییە کەی دەگەینە رێککەوتنی کۆتایی."
 ئەمە لەکاتێکدایە تائێستا مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگەکانی 5 و 6 و 7یان وەرنەگرتووە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP

بەپەلە