دژە تیرۆری هەولێر رایدەگەیێنێت، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ
بە درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشکرایە سەر سێ کێڵگەی نەوتی لە سنووری زاخۆ و دهۆک.
دژە تیرۆری هەولێر ئەمڕۆ چوارشەممە، 16-7-2025 لە
راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "بەگوێرەی زانیارییەکانی دژە تیرۆری هەولێر، بەیانیی
ئەمڕۆ چوارشەممە لە کاتژمێرەکانی 6:00 و 6:15، لە رێگەی دوو درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە
هێرش کرایە سەر کێڵگەی نەوتیی DNO لە
پێشخابوور لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ".
هەروەها دەشڵێت، "لە کاتژمێر 7:00 لە رێگەی
درۆنێکی بۆمبڕێژکراوەوە هێرش کرایە سەر کێڵگەی نەوتیی DNO لە تاوکێ لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی
زاخۆ".
بەپێی زانیارییەکانی دژە تیرۆر، "جگە لە زیانی
مادیی کە بەر کێڵگەکان کەوتوون، هێرشەکان زیانی گیانییان نەبووە".
دژە تیرۆر ئاماژەی بەوەش کردووە، "لە کاتژمێر
7:14، لە رێگەی درۆنێکی بۆمبڕێژکراوەوە هێرش کرایە سەر کێڵگەی نەوتی هەنت ئۆیلی ئەمریکی
لە باعەدرێ لە قەزای شێخانی سەر بە پارێزگای دهۆک، خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی و
مادیی لێ نەکەوتەوە".
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP