ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق كۆدەبێتەوە و ئەو لیژنە وزارییەی بۆ پرسی مووچە و نەوتی هەرێمی کوردستان پێكهێنراوە راپۆرتی خۆی پێشکەشدەکات.
بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق کۆببێتەوە، بەڵام باسکردنی پرسی نەوت و مووچەی هەرێمی کوردستان لە خشتە 20 بڕگەییەکەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا نییە، ئەگەر هەیە وەک پرسێکی "لەناکاو" لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێ بکرێت، ئەگەر لیژنە وەزارییەکەی عێراق لەوبارەیەوە راسپاردەی هەبێت.
ئەو لیژنەیەی هەفتەی رابردوو ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بەسەرۆكایەتیی محەمەد تەمیم وەزیری پلاندانان و ئەندامێتی پێنج وەزیری دیكەی حكومەی عێراق پێكهێنرا بۆ پێداچوونەوە بە پێشنیازەكانی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق لەبارەی پرسی مووچە و نەوتی هەرێمی كوردستان، هەفتەی رابردووش یەكەم كۆبوونەوەی خۆی كرد.
بڕیارە لیژنەكە لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆیدا راپۆرتی خۆی پێشكەشی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بكات، بەڵام دیارنییە ئەنجومەنی وەزیران هیچ بڕیارێك لە بارەی پرسەكە دەدات یان نا.
دوێنێ شەویش سەركردەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی كۆبوونەوە، پێش کۆبوونەوەکەش باس لەوە دەکرا، نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا پێشنیازی ناردنی مووچەیەک بۆ هەرێمی کوردستان دەکات و لە ئەگەری پەسەندکردنیدا ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری ناردنی مووچەی دەدا، بەڵام لە کۆبوونەوەکەدا هیچ ئاماژەیەک بە مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نەکراوە.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP