وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایگەیاند، سێشەممە، 15-7-2025، گەشتە ئاسمانییەکانی هێڵی ئاسمانیی عێراق بۆ ئێران دەستپێدەکەنەوە کە زیاتر لە مانگێکە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران راگیراون.
مەیسەم سافی، وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، ڕۆژى دووشەممە، 14ی تەممووزی 2025، رایگەیاند، سبەی سێشەممە گەشتەکانی هێڵی ئاسمانیی عێراقییە بۆ ئێران دەستپێدەکاتەوە، دوا ئەوەی بەشێوەیەکی کاتی بەهۆی شەڕی ئیسرائیل و ئێران گەشتەکانی هێڵەکە بۆ ئەو وڵاتە راگیرابوون.
کۆمپانیای گشتیی هێڵی ئاسمانیی عێراقییە، کۆمپانیایەکی حکومییە و سەر بە وەزارەتی گواستنەوەی عێراقە، لە 1945 دامەزراوە. هێڵەکە گەشتی بۆ زیاتر لە 40 وڵات هەیە، کە وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئاسیا، ئەفریقا و ئەورووپان.
وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، لە قۆناخی یەکەمدا هەفتانە چوار گەشتی ئاسمانی دەبێت، دوو گەشت لە بەغدا لە رۆژانی شەممە و سێشەممە و دوو گەشتەکەی دیکە لە فڕۆکەخانەی نەجەفە رۆژانی یەکشەممە و چوارشەممە.
هاوکات هێڵەکە لەگەڵ زیارەتی چلەی ئیمام حوسێن دا پلانی زیادکردنی گەشتەکانی هەیە بەتایبەتی بۆ پاکستان، ئێران، تورکیا، بەحرێن و تورکیا و چەند وڵاتێکی دیکە.
رۆژی 7ی ئەم مانگە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی رایگەیاند، بەپێی ئەو خشتەیەی کە لەلایەن (هێڵی ئاسمانی ماهان ئێر)ەوە بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی نێردراوە، وابڕیارە لە 18-7-2025 گەشتە ئاسمانییەکانیان لە نێوان (تاران-سلێمانی-تاران) دەستپێبکەنەوە.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP