ئەمڕۆ، پەرلەمانی عیراق بۆ تاوتوێی شەڕی ئیسرائیل و ئێران و کاریگەریی لەسەر وڵاتەکە کۆدەبێتەوە.
فەرمانگەی میدیای ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاوی كردەوە: ئەمڕۆ سێشەممە، سەعات یەکی دوانیوەڕۆ كۆبونەوەی نائاسایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوە دەچێت.
بەپێی ئەو كارنامەیەی بڵاوكراوەتەوە، كۆبونەوەكە یەك بڕگە دەبێت، ئەویش تاوتوێكردنی هێرشی ئیسرائیلە بۆ سەر ئێران و بەزاندنی سەروەریی عێراقە لەلایەن ئیسرائیل بۆ هێرشكردنەسەر ئێران.
ئەوە لەكاتێكدایە، ململانێی سەربازیی نێوان ئیسرائیل و ئێران پێی نایە رۆژی پێنجەم و هێرش و بۆردومانەكانی هەردولا بۆ سەر یەكتری چڕتربونەتەوە و مەترسی فراوانبونیشی لێدەكرێت.
حکومەتی عێراق، ئیسرائیلی تۆمەتبار کردووە بە بەکارهێنانی ئاسمانی وڵاتەکەی بۆ هێرشەکردنە سەر ئێران و لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی سکاڵای دژی ئەو وڵاتە تۆمار کردووە.
بەهۆی ئەوەی عێراق سیستمی بەرگریی ئاسمانیی پێشکەوتووی نییە، ئاسمانی وڵاتەکە بووەتە گۆڕەپانێک بۆ تێپەڕبوونی مووشەک و فڕۆکەی هەردوو لایەنی شەڕکەری ئیسرائیل و ئێران.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP