ترەمپ: ئێستا کاتی ڕێککەوتنی ئیسرائیل و ئێرانە

کوردستان
16:31 - 2025-06-16

سەرۆکی ئەمەریکا دوای ئەوەی لە پشتگیریکردنی ئیسرائیلی دووپات کردەوە، داوای کرد ئیسرائیل و ئێران بگەنە ڕێککەوتن.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا سەبارەت بە بەردەوامی جەنگی ئیسرائیل و ئێران ڕایگەیاند: پێم وایە ئێستا بۆ  ئێران و ئیسرائیل کاتی ڕێککەوتنە، هیوادارم ئەوە ڕووبدات، بەڵام هەندێک جار بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن پێویستە بجەنگیت.
ترەمپ وتیشی، ئەمەریکا لە پشتگیری کردنی ئیسرائیل بۆ بەرگریکردن لەخۆی بەردەوام دەبێت، چونکە ئیسرائیل مافی خۆیەتی بەرگری بکات.
ئەمە لەکاتێکدایە ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی ئاگاداری ئێرانەوە بڵاویکردووەتەوە، ئێران، قەتەڕ و عومانی ئاگادارکردووەتەوە لەگەڵ بەردەوامبوونی هێرشەکانی ئیسرائیل ئامادەی دانوستانی ئاگربەست نییە.
رۆیتەرز دەڵێت ئەو بەرپرسە ئێرانییە وتووشیەتی، ئێران لە ژێر هێرش و فشاردا دانوستان ناکات.
بەر لە دەستپێکی ئاڵۆزییەکانی ئیسرائیل و ئێران، واشنتن و تاران بە نێوەندگیریی عومان لەبارەی دۆسیەی ئەتۆمی لە دانوستاندا بوون، بەڵام دوایین خولی دانوستانەکان کە بڕیار بوو رۆژی یەکشەممەی رابردوو بکرێت، هەڵوەشایەوە.
ئێستا بەهۆی هەڕەشە و هێرشەکانی ئیسرائیل و ئێرانەوە تا دێت دۆخی ناوچەکە خراپتر دەبێت و وڵاتانیش داوای ڕاگرتنی هێرشەکان دەکەن.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP