بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی ی.ن.ک لە هەولێر لەگەڵ
ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی و دەرباز کۆسرەت
رەسوڵ، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی ئامادەیبوون، سەرۆک بافڵ جەختی لەبەرەوپێشبردنی پەیوەندی
دۆستانەی نێوان هەرێمی کوردستان و فەرەنسا کردەوە.
سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی سوپاس و پێزانینی خۆی
بۆ پشتیوانی و رۆڵی حکومەت و گەلی فەرەنسا دەربڕی کە لە قۆناغە جیاجیاکانی خەباتدا
پشتیوانی گەلی کورد بوون و هاوکاریی و پشتگیرییە بەردەوامەکانیانی بۆ هەرێمی
کوردستان بەرزنرخاند و رایگەیاند: ئێمە قەت دۆستەکانمان لەبیرناکەین کە لەگەڵمانن
و جێمانناهێڵن.
لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پەلەکردن
لە پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز و خزمەتگوزار پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی
نوێنەرانی عیراق تاوەکو کورد بە یەکگرتوویی رووبەڕووی ئاڵنگارییەکان ببێتەوە و بەپێگەیەکی
بەهێزترەوە لە بەغدا خزمەتی خەڵک و بەرژەوەندییەکان بکات.
دۆخی سووریا و رۆژئاوای کوردستان تەوەرێکی دیکەی
کۆبوونەوەکە بوو کە تێیدا جەخت لە پاراستنی مافی تەواوی پێکهاتەکان کرایەوە لە
چوارچێوەی سووریایەکی نوێ بە تایبەت کوردانی رۆژئاوای کوردستان، لەو بارەیەوە سەرۆک بافڵ رایگەیاند: یەکگرتوویی کورد
و پشتگیریی کردن لە مافەکانیان زامنی پاراستنی ئارامی و ئاشتییە لە ناوچەکەدا، هەر
بۆیە هانی هەموولایەکمان داوە بە ئاشتییانە و دیالۆگ هەموو ئەو بابەتانەی ناکۆکییان
لەسەرە چارەسەربکرێن ئەمەش رێگا دروستەکەیە بۆ گەیشتن بە ئارامی و مسۆگەرکردنی
ئاسایش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP