51ساڵ بەر لەئێستا رژێمی لەناوچووی بەعس بۆردومانی قەڵادزێ و زانكۆی سلێمانی لەو شارە كرد، لەئەنجامدا 163 كەس شەهیدبوون كە 9 كەسیان خوێندكاری زانكۆ بوون و نزیكەی 300 كەسیش برینداربوون ، لەو ساڵڕۆژەدا مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێكی بڵاوكردەوە كە تێیدا هاتووە :
لە یادی تاوانی بۆردومانی قەڵادزێدا کە ڕژێمی بەعسی ڕووخاو لە بەیانی ڕۆژی ۲٤ی ٤ی ۱۹۷٤دا ئەنجامیدا ،سەری ڕێز بۆ ڕۆحی پاکی گشت شەهیدانی ئەو کارەساتە دائەنەوێین ،کەبەشێکی زۆریان خوێندکارو مامۆستای زانکۆی سلێمانی بوون.
وەک تۆڵە سەندنەوەی ئەو تاوانە و بۆ ڕووبەڕووبونەوەی سیاسەتی ڕاگواستنی گوندو دێهاتەکان کە ڕژێمی بەعس لەسنوری ئەم قەزایە بەچڕی جێبەجێی دەکرد و بۆ بەرەنگاری سیاسەتەکانی بە بەعسیکردن و بەعەرەبکردن ، لە ڕۆژی ۲٤ی ٤ی ۱۹۸۲ دا و لەهەشتەمین ساڵیادی تاوانی بۆردومانەکەدا ، جەماوەری شاری قەڵادزێ و بەسەرپەرشتی ڕێکخستنەکانی یەکێتیی خۆپیشاندانێکی جەماوەرییان ڕێکخست و توانیان دەستبگرن بە سەر چەندین مۆڵگەی دوژمندا ، ئەم خۆپیشاندانە بوە خەباتێکی تری ئەو قۆناغە و بۆ چەندین ڕۆژ لە گشت شارەکانی تری کوردستانیشدا ئەنجام درا
ئەمرۆش لەم یادەدا بۆ بەزیندووڕاگرتنی ناوی شەهیدانی تاوانی بۆردومان و شەهیدانی خۆپیشاندان ، بۆ بەرزڕاگرتنی ڕۆڵی جوامێریی خەڵکی ناوچەکە ، ئەرکی سەرشانمانە بەردەوامی بدەین بە کاروانی ئاوەدانی و پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری بە جەماوەری قەڵادزێ.
درو بۆ ڕۆحی شەهیدانی بۆردومانی قەڵادزێ و گشت شەهیدانی ڕێگای تێکۆشان لەناوچەکەدا
سڵاو لە جەماوەری قەڵادزێ کە هەمیشە پێشەنگی قۆناغەکانی خەبات بوون
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP