بەڕێوەبەری بۆردی دانەوێڵەی عیراق: پێویستمان بە هاوردەی گەنم نییە

عێراق
23:35 - 2025-04-21


حکومەتی عێراق پێشبینیی دەکات، ئەمساڵیش وەک پار و پێرار، پێویستیی بە هاوردەکردنی گەنمی وڵاتان نەبێت.
حەیدەر نووری گەڕاوی،  بەڕێوەبەری بۆردی دانەوێڵەی عێراق، بە ئاژانسی بلومبێرگی وتووە لەم هەفتەیەوە وەرزی دروێنەی گەنم دەستپێدەکات و چاوەڕێ دەکرێت لانیکەم 4.5 ملیۆن تۆن گەنم بەرهەم بهێنرێت و لە کۆگاکانیش بڕی 2.8 ملیۆن تۆن گەنم هەیە، ئەوەش بەشی پڕۆگرامەکانی دابینکاریی حکومەت بۆ ساڵ و نیوێک دەکات، بۆیە عێراق ئەمساڵیش پێویستیی بە هاوردەکردنی گەنم نییە.
حکومەتی عێراق ساڵانە بڕی 4.7 ملیۆن تۆن گەنم بۆ بەکاربردنی ناوخۆیی دابەش دەکات و ئەم بڕە گەنمەش لە جوتیاران دەکڕێتەوە. حکومەت گەنم بە دوو هێندەی ئەو نرخەی لە بازاڕەکانی جیهان هەیە لە جوتیارانی ناوخۆ دەکڕێتەوە تا لەم ڕێگەیەوە هانی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی بدات.
حکومەتی عێراقی تۆنێک گەنم بە ئاودێریی مۆدێرن بە 850 هەزار دینار و گەنمی دیکەش بە 800 هەزار دینار دەکڕێت. ئەمە لە کاتێکدایە ئەگەر ئەم گەنمە لە ڕووسیا بکڕێت بۆ تەنێک کەمتر لە 400 هەزار دینار دەدات.


بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP