دوای دابەشکردنی فۆرمی یەكەی نیشتەجێبوون بەسەر خاوەن پێداویستییە تایبەتەکاندا، بە بڕیاری قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەمڕۆ ٦-٣-٢٠٢٤ یەكێتیی كەمئەندامانی كوردستان بەشێوەیەکی راستەوخۆ تیروپشک بۆ ئەو یەکانە دەکات و ٢٠٠ کەمئەندام لەو یەکانە سوودمەند دەبن.
لەمەراسیمی تیروپشکەکەدا کە ژمارەیەکی زۆر لە خاون پێداویستییە تایبەتەکان و نوسینگەی قوباد تاڵەبانی و دادوەر تێیدا ئامادەبوون، سامان حسێن سەرۆكی لقی سلێمانی یەكێتی كەمئەندامانی كوردستان رایگەیاند: " لەماوەی رابردوودا بە سوپاسێکی زۆرەوە بە بڕیاری قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، پرۆژەیەكی نیشتەجێبوون لە سلێمانی بۆ كەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت بنیاتنرا".
" لەکۆی ٤ هەزار فۆرم کە دابەشمانکردوون تەنها ٢ هەزار و ٤١٣ خاوەن پێداویستی تایبەت فۆرمیان پڕکردەوە و لەو ژمارەیەش ٨٨٦ کەس سەرجەم مەرجەکانی فۆرمەکەیان تێدا بوو، دوای بەدواداچوونیش بۆمان دەرکەوت زیاتر لە ١٥٠ کەس موڵکیان بەناوەیەوە، بەوپێیەش لەئێستادا ٧٠٠ کەس چانسی وەرگرتنی یەکەکانیان هەیە"، سەرۆكی كەمئەندامانی كوردستان وایوت.
سامان حسێن وتیشی:" سەرەتا بڕیاربوو ژمارەی یەکەکان بۆ خاوەن پێداویستییەکان ٢٤٠ یەکە بێت، بەڵام بۆ ئەوەی تالاسیما و نابیستان و نابینایانیش بێبەش نەبن، ٤٠ یەکەمان بۆ ئەوان تەرخانکرد، ئەمڕۆش بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان ٢٥٠ ناو رادەکێشین و ئەو ٥٠ ناوە زیادەیە وەک بەدیل دەمێننەوە لەئەگەری روودانی هەرکێشەیەکدا دوای گەڕانەوەی ئەستۆپاکیەکانی ئەو ٢٠٠ ناوە، لەو ٥٠ کەسە دەخرێتە جێگەیان".
راشیگەیاند:" ئەو خاوەن پێداویستییە تایبەتەی یەکەکەی بۆ دەردەچێت، ئەگەر هەر یەکێک لە ئەندامانی خێزانەکەی موڵکێکی بەناوەوە بێت مافی وەرگرتنی یەکەکەی نابێت، بەڵام ئەگەر بۆ پێداویستییەکی گەنجی سەرو ١٨ سال خۆی دەرچوو ئەوا تەنها پێویستە خۆی هیچ موڵکێکی بەناوەوە نەبێت، ئەمەش لەپێناو دەستگیرۆیکردنی ئەو گەنجا دەکرێت بۆ فەراهەم کردنی ژیانێکی باشتر بۆی".
یەکەکان دەکەوێتەسەر شاڕێی قولەڕەیسی و تا ئێستا دوو تاوەر لە یەکەکان تەواو بووە و بەردەوامیش کاریان تێدا دەكرێت، ئەمەش لەکاتێکدایە یەكەمینجارە لە مێژووی هەرێمی كوردستان و مێژووی عیراقدا خاوەن پێداویستی تایبەت لە سلێمانی دەبنە خاوەنی یەكەی نیشتەجێبوونی خۆیان و ئەوەش بە بڕیاری قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكوەزیران كراوە.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP