لە ساڵیادی كۆمەڵكوژیی ئێزدییەكاندا سەرۆكایەتیی
پەرلەمانی كوردستان پەیامێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، پێویستە حكومەتی عیراق بە ئەركی
ئەخلاقی خۆی هەڵبستێت و ڕێگە بە ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و تیمی تایبەتیی نەتەوە یەكگرتووەكان
بۆ لیكۆڵینەوە لە تاوانەكانی داعش بدات كە ئەو تاوانكارییە دۆكیۆمینت بكات و لە
دادگا نێودەوڵەتییەكاندا بەرپرسیارانی ئەو تاوانكارییە دادگایی بكرێن.
دەقی پەیامەكە:
3ی ئابی 2014، ڕۆژێكی كارەساتبار و خەمناكە لە مێژووی خەڵكی كوردستان،
لەو ڕۆژەدا تیرۆریستانی داعش بە بەرچاوی هەموو
جیهان هێرشێكی دڕندانەیان كردە سەر قەزای شنگال و كچ و ژنانی كوردانی ئێزدییان بە
بارمتە برد و پیاو و گەنجەكانیشیان زیندەبەچاڵ كرد.
لە كاتێكدا یادی ئەو ڕۆژە ڕەشە دەكەینەوە، پێویستە
سوپاسی خۆڕاگری و گیانفیدایی پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان و هاوكاریی وڵاتانی دۆست
بكەین كە ڕێگەیان نەدا تاریكپەرستانی داعش
پێشڕەویی زیاتر بكەن و بێنە ناو قووڵایی خاكی كوردستان و سەرجەم پێكهاتەكانی
كوردستان و ناوچەكەشیان لە چەپۆكی ڕەشی تیرۆریستان پاراست و ئەفسانەی داعشیان تێكشكاند.
پەرلەمانی كوردستان لە دانیشتنی ژمارە (3)ی
نائاسایی خۆیدا لە ڕێكەوتی 3-8-2019، ڕۆژی 3ی ئابی 2014ی وەك ڕۆژی كۆمەڵكوژیی ئێزدییەكان
دیاریكرد، بۆئەوەی لەڕووی یاساییەوە زەمینەسازی بكرێت بۆ قەرەبووكردنەوەی خەڵكی
شنگال و قوربانییەكانی ئەو تاوانكارییە دڕندانەیە، داواش لە حكوومەتی عیراق دەكەین
كە بە ئەركی یاسایی و ئەخلاقیی خۆی هەڵبستیت و ڕێگە بە ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و
تیمی تایبەتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ لیكۆڵینەوە لە تاوانەكانی داعش (UNITAD) بدات كە ئەو تاوانكارییە دۆكیۆمینت بكات و لە دادگا نێودەوڵەتییەكاندا
بەرپرسیارانی ئەو تاوانكارییە دادگایی بكرێن و قەرەبووی قوربانییان بكرێتەوە و سەرجەم
ئەو تاوانكارییانەی لە دژی خەڵكی كوردستان ئەنجام دراون بە جینۆساید بناسێنن.
لە كۆتاییدا سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی
شنگال و قوربانییانی جینۆسایدی شنگال دادەنەوێنین، داواكارین پەلە بكرێت لە گەڕان
بە دوای بێسەروشوێنان و دیاریكردنی چارەنووسی نادیاران و گەڕاندنەوەی دانیشتووانی
شنگال بۆ زێدی بابوباپیرانی خۆیان.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP