پێشبینی دەکرێت بەرهەمی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان لە پار کەمتر بێت

ئابوری
17:20 - 2025-06-09

لەسەر بڕی ئەمساڵی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت، دانەوێڵەی نزیکەی دوو ملیۆن دۆنم زەوی کە پشتی بە باران بەستبوو، لەناوچووە، بۆیە بەرهەمی گەنمی ئەمساڵ ملیۆنێک تۆن کەمتر دەبێت.
هیوا عەلی، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ رایگەیاند: کەمی باران کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر بەرهەمی گەنم و جۆ هەبووە، چونکە ساڵانە نزیکەی 3 ملیۆن دۆنم زەوی بە بەرهەمی زستانە دەچێندرێت نزیکەی دوو ملیۆن دۆنمیش پشت بە ئاوی باران دەبەستێت.
روونیشیکردەوە ئەمساڵ نیوەی جووتیاران بەرهەمیان لەو دوو ملیۆن دۆنمەدا نەچاند، ئەوانەشی چاندیان، بەشی زۆری بەرهەمەکەیان فەوتا.
وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ ئاشکراشی کرد پار بەرهەمی گەنمی هەرێمی کوردستان زیاتر لە ملیۆنێک تۆن بوو، پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ لە ملیۆنێک تۆن کەمتر بێت.
ئەمساڵ حکومەتی عێراق، 400 هەزار تۆن گەنم بە نرخی ڕەسمی، وەک پشکی هەرێمی کوردستان وەردەگرێت. هەردوو وەزارەتی بازرگانی و کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان نووسراویان بۆ حکومەتی عێراق ناردووە تا بڕەکە زیاد بکەن و هاوشێوەی جووتیارانی ناوەڕاست و باشووری عێراق هەموو گەنمەکە وەربگیرێت.



بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP