نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند" یەدەگی خۆراکی پێویست لەهەرێمی کوردستان هەیە.
وتیشی، "ئەو خۆراکانەی لە کۆگاکاندا بوونیان هەیە، لەلایەن کەرتی تایبەت هاوردەکراون و هەمووی لەلایەن وەزارەتی بازرگانییەوە سەرژمێریی کراون، بۆیە هیچ گرفتێک لەبوونی خۆراک و پێداویستییەکان نییە و یەدەگی خۆراکمان هەیە".
باسی لەوەشکرد، جوڵەی بازرگانی لە دەروازە سنوورییەکان لەگەڵ ئێران رانەگیراوە و بارهەڵگری خۆراک و پێداویستییەکان و کاڵاکانی دیکە بەردەوامە، و لە رێگەی چاودێریی بازرگانییەوە کە رۆژانە بۆ نرخی خۆراک و پێداویستییەکان هەیە، لێپێچینەوە لەگەڵ بازرگانان دەکرێت، ئەگەر هەر بازرگانێک بە بۆنەی ئەم ئاڵۆزییانەوە نرخی خۆراک گران بکات".
وتیشی، دابەزینی بەهای دینار بەهانە نییە بۆ گرانکردنی کاڵاو پێداویستییەکان، چونکە ئەو خۆراک و کاڵایانەی لە هەرێمی کوردستان لە کۆگاکاندایە لە دوو بۆ سێ مانگی رابردوو هاوردە کراون و نابێت نرخی کاڵاکان زیاد بکرێت.
هەرێمی کوردستان چەند دەروازەیەکی رەسمی لەگەڵ ئێران هەیە کە بریتین لە دەروازەکانی باشماخ و پەروێزخان و حاجی ئۆمەران، جگە لە ژمارەیەک دەروازەی نارەسمی، لەڕێگەیانەوە رۆژانە سەدان بارهەڵگری خۆراک و پێداویستی هەناردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP