وەزارەتی بازرگانی عێراق رایگەیاند، پرۆسەی
بە بازاڕکردنی گەنمی جوتیاران بەردەوامە
و تاوەکو ئێستا سێ ملیۆن و 400 هەزار تۆن گەنم لە جوتیاران وەرگیراوە.
حەیدەر گەرعاوی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای
بازرگانی دانەوێڵە، رایگەیاند، پێشبینی دەکەن بەرهەمی گەنمی ئەمساڵ
بگاتە پێنج ملیۆن تۆن و تاوەکو ئێستاش سێ ملیۆن و 400 هەزار تۆن بە بازاڕکراوە.
وتیشی، لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و
باشووری عێراق، لە بەغدا تاوەکو بەسرە، پرۆسەی دروێنه و بازاڕکردن لە رۆژی هەینییەوە
تاوەکو نۆی حوزەیران کۆتایی دێت، جگە لە چەند شوێنێک کە ماوەی رۆژێک
بۆ دوو رۆژیان بۆ درێژدەکرێتەوە بە گوێرەی ئەو بارهەڵگرانەی نۆرەیانگرتووە و هێشتا
گەنمەکەیان بەتاڵ نەکردووە.
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بازرگانی
دانەوێڵە وتیشی، لە ئێستادا بەبازاڕکردن لە پارێزگاکانی بەغداد، ئەنبار، سەڵاحەدین،
دیالە، کەرکوک و نەینەوا بەردەوامە، لە هەر سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستانیش هەولێر
و سلێمانی و دهۆک، لە 10ـی حوزەیران دەست بە بازاڕکردن دەکرێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، کۆی گشتیی بەرهەمی
گەنمی عەمبارکراو بۆ ئەمساڵ دەگاتە نزیکەی پێنج ملیۆن و 400 هەزار تۆن، بەمەش عێراق
دەگاتە ئاستی خۆبژێوی.
ئاشکراشیکرد، پارێزگای واست زۆرترین بەرهەمی
گەنمی تیادا بەرهەمهێنراوە بە بڕی 543 هەزار تۆن.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP