لەبارەگای مەکتەبی سیاسی، لەسلێمانی، چوارشەممە ٢.٢٥/٥/٢١، هەڤاڵ (رفعەت عەبدوڵا) جێگری سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پێشوازی کرد لەهەڤاڵ (لەتیف نێروەیی) لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی (ی.ن.ک)و بەرپرسانی میدیا رەسمی و جیاوازەکانی (ی.ن.ک).
لەدەسپێکی دیدارەکەدا هەڤاڵ جێگری سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ستایشی رۆڵی لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەکێتی و هەڤاڵەکانی کرد لەرابردوو ئێستاداو هیوای خواست میدیاکانی یەکێتی، بەردەوام سەنگین و ئازادو بەرپرسیاربن.
هەڤاڵ رفعەت عەبدوڵا، داوای لەمیدیاکارانی یەکێتی کرد بەئیتیکی رۆژنامەوانی و بەرپرسانە رووماڵی کارە میدیایەکان بکەن و لەوبارەیەوە وتی:"رۆڵێکی سەرەکیتان هەبێت لەوەی ژینگەی میدیایی کوردستان پیشەییانەو مۆراڵیانە کاربکات".
هەڤاڵ جێگری سەرۆک، جەختی کردەوە کەمیدیاکارانی یەکێتی دەبێت هەمیشە ئامۆژگارییەکەی (سەرۆک مام جەلال)یان بیربێت کەدەیفەرموو: "راگەیاندن، دەبێت راست و رەوان و رازاوەبێت" بێگومان دەبێت ئێوەش لەسەر ئەو بنەمایە کاربکەن.
هەڤاڵ جێگری سەرۆکی یەکێتی، ئاماژەی بەکاریگەری راگەیاندنی (ی.ن.ک)و ئێزگەی دەنگی گەلی کوردستان کرد لەشاخ و وتی:"لەم سەردەمەشدا میدیاکانی یەکێتی ببنە بانگی هەقی یەکێتی و کوردایەتی و مینبەری خەڵک".
هەڤاڵ رفعەت عەبدوڵا، رایگەیاند کەپانتایی میدیاکانی یەکێتی زیاتر خەم و داواکاری و پەیامی خەڵک بێت و وتی:"بەڵام هاوسەنگی لەنێوان هەڤاڵێکی حزب و هەواڵێکی خەڵکدا رابگرن".
هەڤاڵ جێگری سەرۆکی یەکێتی، رێنمایی میدیاکارانی کرد، راگەیاندنی تەقلیدی و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان ئاوێتە بکەن و خۆنوێکردنەوەو بەخۆداچونەوەی بەردەوامی بۆ میدیا بەگرنگ زانی، وتیشی:"میدیاکانی یەکێتی بەهرەو توانا نوێیەکانی ناو سۆشیاڵمیدیا بدۆزنەوەو سودیان لێوەربگرن".
(یۆبیلی زێڕینی)یەکێتی، لەرووی میدیایی و بایەخپێدانیەوە کەیادێکی شایستە بەمێژووی پەنجا ساڵەی تێکۆشانی یەکێتی بێت و هەموو ناوچەکان بگرێتەوە لایەنێکی سەرەکی دیدارەکەبوو.
لەکۆتایی قسەکانیدا هەڤاڵ رفعەت عەبدوڵا، هیوای خواست کەلەمەودوا دامەزراوە میدیایەکانی یەکێتی لەرووی چۆنایەتیەوە گەشەی زیاتر بەخۆیان بدەن و وەک هەمیشە مینبەری هەقبێژی خەڵک و داواکانیان بن و قورسایی میدیاییتان بگوازنەوە بۆ هەولێرو بادینان.
نوسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP