نوێنەری خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان، لە نووسینگەی سلێمانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەگەڵ ژمارەیەک پەرلەمانتار کۆبوونەوە و داوایانکرد، گرفتی رێگری لە چوونی بەرهەمەکانیان بۆ شارەکانی عێراق چارەسەر بکرێت.
غەریب ئەحمەد، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق راگەیاند، "رێگریکردن لە بەرهەمی ناوخۆیی کێڵگە پەلەوەرییەکان بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق مەترسییە لەسەر ئابووری هەرێمی کوردستان".
هەروەها سۆران عومەر، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، "بەغداد داوایکردووە مریشک لە سەربڕخانەکان سەرببڕدرێت واتە مریشکی بەستوویان دەوێت نەک مریشکی زیندوو، بڕیارە وەفدێکی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بێ جگە لە پرسی گەنمی جوتیاران، باسی بەرهەمی ناوخۆیی کێڵگە پەلەوەرییەکان بکەن".
هاوکات، نازم عەبدوڵا، نوێنەری خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "پێویستە لیژنەیەکی هاوبەش پێکبهێندرێت بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی بەردەم رەوانەکردنی بەرهەمی ناوخۆیی مریشک و لیژنەکە کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان و عێراقی تێیدا بێت تاوەکو چارەسەر بکرێت".
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP