ئەمڕۆ کۆڕبەندی گفتوگۆی تاران بە بەشداری وەفدی 53 وڵات لە تارانی پایتەختی ئێران بەڕێوەچوو و وەفدی هەرێمی کوردستانیش تێیدا بەشدارە.
لە کۆڕبەندەکەدا باس لە دوایین پێشهاتەکانی بەردەم ئێران و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکرێت و پرسی ئابووری و جەنگ و چەک و مافی مرۆڤ و دۆخی ناوچەکە بە گشتیی تاوتوێکرا.
لە کۆڕبەندەکەدا مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران باسی لە دوایین سیاسەتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان کرد و رایگەیاند، "سیاسەتی ئەمڕۆی جیهان رەوشتی تێدا نەماوە، دوژمنەکانمان چەکمان پێدەفرۆشن بۆ ئەوەی یەکتری پێ بکوژین".
باسی لەوەشکرد، ئەوان بە ئاشتییانە مامەڵە دەکەن، و دوژمنەکانیان دەیانەوێت ناوچەکە لە دواکەوتوویی و شەڕدا بمێنێتەوە.
لەبارەی ئیسرائیل و هێرشەکانی بۆسەر کەرتی غەززە ئەوەی خستەڕوو، ئیسرائیل رۆژانە مافی مرۆڤ پێشێل دەکات.
لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانیشەوە، سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە ئەوەی خستەڕوو، ئەوان خواستی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمیان نییە، چونکە چەکێکی وێرانکەرە.
ئەوەش لە کاتێکدایە، پرسی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆم یەکێکە لە خاڵە ناکۆکەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بۆ رێککەوتن لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی و هەڵگرتنی سزاکانی سەر ئەو وڵاتە.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP