قوباد تاڵەبانی: سلێمانی وەک شاری داهێنان و فێربوون ماوەتەوە

کوردستان
15:14 - 2025-05-18


بەچاودێری قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، كۆڕبەندی ئابوری دێڵفی لە سلێمانی دەستیپێكرد، كە نەخشەڕێگای چارەسەركردنی گرفتە ئابورییەكان دیاری دەكات، سیمیۆن تسۆمۆكۆس سەرۆك و دامەزرێنەری كۆڕ‌بەندی ئابووریی دێڵفی-یش رایدەگەیەنێت: "لە كۆڕبەندەكەدا تاوتوێی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و ئەوروپا دەكەین".

ئەمڕۆ 18-5-2025، بەچاودێری قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، كۆڕبەندی ئابوری دێڵفی لە سلێمانی دەستیپێكرد، سیمیۆن تسۆمۆكۆس سەرۆك و دامەزرێنەری كۆڕ‌بەندی ئابووریی دێڵفی، وتاری دەستپێكردنی كۆڕبەندەكەی خوێندەوە و رایگەیاند: "ئەم كۆڕبەندە تەنها سیاسەتێك نییە، بەڵكو بۆ ئەوەیە ئەنجام و دیدگایەكی نوێی هەبێت، لەم كۆڕبەندەشدا تاوتوێی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و ئەوروپا دەكەین".
وتیشی:"  کۆڕبەندی ئابووریی دێڵفی لە 10 ساڵی رابردوودا لە یۆنان لە شاری دێڵفی ئەنجامدراوە، کە تیشکدەخاتە سەر ئابووریی جیهانی، ژمارەیەک کۆڕبەندی دیکەش لەژێر چاودێریی دێڵفی لە چەند شارێکی وەک واشنتن و بەرلین و پاریس ئەنجام دەدرێت".

سیمیۆن تسۆمۆكۆس سەرۆك و دامەزرێنەری كۆڕ‌بەندی ئابووریی دێڵفی وتیشی: "سوپاسی هەموو ئەو كەسانە دەكەین كە ئەمڕۆ لەگەڵماندا ئامادەن و بەشداری كۆڕبەندەكە دەكەن".

هەر لە كۆڕبەندەكەدا قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم رایگەیاند: "سلێمانی بووەتە نموونەی ئاشتی و پێكەوە ژیان و پێشوازی لە دیالۆگێكی نێودەوڵەتی دەكات، ئەنجامدانی ئەم كۆڕبەندە شانازییە بۆ پارێزگاكە و هەرێمی كوردستان، چونكە سلێمانی وەك شاری فێربوون و داهێنان ماوەتەوە".

راشیگەیاند: "پەیوەندی نێوان و هەرێمی كوردستان و یۆنان بەردەوام بەهێزتر دەبێت و رۆڵێكی چالاكمان گێڕاوە لە كاركردن لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەكانمان بۆ كار و باری ئابوری، هاوكات رۆڵی گرنگمان هەیە لە ئاشتی و ئارامی لە عیراق و ناوچەكە، هەروەها لە گۆڕەپانی ناوچەكەدا وەستاوین و بەشێكین لە ئاوەدانی و ئارامی".

قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشدا: "هەرێمی كوردستان بەشدارە لە پرسە نیشتمانی و جیهانییەكانی وەك (وزە، كۆچ، ئاو و هەوا، ئابوری) و چەندین پرسی دیكە، ئەنجامدانی ئەم كۆڕبەندەش بەشێكە لە بەشداری كارامان لە پرسی ئابوری جیهانی، هاوكات ئامانجمانە لەم كۆڕبەندەدا چاكسازی گەورە بێتە دی بۆ راكێشانی وەبەرهێنەران بۆ سلێمانی".

ئەوەشی راگەیاند: "سلێمانی پڕە لە توانا و وزە و گەنج، كە دەتوانن هاوبەشی راستەقینە لەگەڵ وڵاتاندا بكەن و پەرە بە تواناكانیان بدەن، هاوكات لە رابردووشدا رۆڵی چالاكمان لە چاكسازی ئابوریدا بینیوە و بەردەوام دەبین".

لە كۆتایی وتەكانیدا جێگری سەرۆك وەزیران رایگەیاند: "سوپاس بۆ سیمیۆن تسۆمۆكۆس سەرۆك و دامەزرێنەری كۆڕ‌بەندی ئابووریی دێڵفی و سوپاس بۆ هەموو ئەو میوانانەی كە ئەمڕۆ لە سلێمانی لەگەڵماندان، بۆ تاوتوێ كردنی چاكسازی گەورە لە بواری ئابوریدا".

هەر لە کۆڕبەندەکەدا، جۆرجیۆس ئیلنانۆس باڵیۆزی یۆنان رایگەیاند:"  پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و عیراق چاوەڕواندەکرێت باشتر بکرێت و پێویستی بە گەشەپێدانی زیاتریش هەیە".
راشیگەیاند:" هەرێمی کوردستان وزە و دەرفەتی ئەوەی هەیە گەشە بکات، بۆ ئەم گەشەکردنەش خۆشبەختانە پەیوەندییەکی پتەو لە نێوان وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان و یۆنان هەیە ".

باڵیۆزی یۆنان لەسەر دۆخی عیراق رایگەیاند:" عیراق وڵاتێکی هەژار نیە و داهاتی تاک تێیدا لەسەروی مامناوەندییە، بەڵام زۆرینەی خێزانە عیراقییەکان منداڵەکانیان دەنێرنە خوێندنگا تایبەتەکان،ئەوەش واتای ئەوەیە کە خزمەتگوزاری گشتی وەک پێویست نیە".

دوای تەواو بوونی وتارەکان، پانێلی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دەسەڵاتی جیهاندا بەڕێوەچوو، کە تێیدا چەندین کەسایەتی سیاسی لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە وەک پانێڵیست بەشداربوون

كۆڕ‌بەندی ئابوری دێڵفی، كۆڕ‌بەندێكی ستراتیژییە بۆ گفتوگۆ و هەماهەنگی و گەشەپێدانی هەرێمایەتی، كەتێیدا تاوتوێی بوارەكانی ئاسایش، وزەی بەردەوام، هەمەچەشنیی ئابوری و دواپێشهاتەكان دەكات، جەخت لەسەر دەرفەتەكانی وەبەرهێنانیش دەكاتەوە، هاوكات پلاتفۆڕمێكی نوێی جیهانییە بۆ دیالۆگ لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، كە بۆ یەكەمین جارە لەشاری سلێمانی بەڕێوەدەچێت.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP